هاکان فیدان: چاودێریی گرووپە کوردییەکانی ئێران دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەنزیکەوە چاودێریی جووڵە و هاوپەیمانییەکانی گرووپە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. دەشڵێت: "پەکەکە سوود لە لاوازی و پەرتەوازەیی ئەو وڵاتانە وەردەگرێت کە تێیدا نیشتەجێیە."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد ئەنقەرە هەوڵ بۆ راگرتنی شەڕ دەدات، بەڵام هاوکات چاودێریی هەموو ئەگەرەکان دەکات.
"چاودێریی گرووپە کوردییەکانی ئێران دەکەین"
هاکان فیدان تیشکی خستەسەر جموجووڵی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو گرووپە کوردییانە دەکەین و شیکارییان بۆ دەکەین. دەبینین کە لەسەر هێڵی جیاواز کۆدەبنەوە، هاوپەیمانی پێکدەهێنن و راگەیێندراوی هاوبەش بڵاودەکەنەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد ئەوان چاودێریی ئامانج و جۆری شەڕی ئەو گرووپانە دەکەن و گوتی: "ئایا ئەمانە چەند شەڕ لەگەڵ رژێم دەکەن؟ لەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن چەند لەگەڵ پێکهاتە ئەتنییەکانی دیکە بەشەڕ دێن؟ ئامانجیان چییە و لە کوێوە سەرهەڵدەدەن؟ چاودێریی هەموو ئەمانە دەکەین."
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، کە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا گەرمە، فیدان رایگەیاند، کۆمیسیۆنی پەیوەندیدار لە پەرلەمان راپۆرتی خۆی تەواو کردووە و ئێستا قۆناخی گفتوگۆی پارتە سیاسییەکانە، بەڵام جەختی کردەوە: "بۆ ئەوەی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەبێت، دەبێت ناوچەیەکی بێ تیرۆریش هەبێت. ئەم بابەتە پەیوەندیی راستەوخۆی بە سووریا، عێراق و ئێرانەوە هەیە."
فیدان رەخنەی لە پەکەکە گرت و گوتی: "پەکەکە وەکو هەموو رێکخراوەکانی دیکە، سوود لە لاوازی و پەرتەوازەیی ئەو وڵاتانە وەردەگرێت کە تێیدا نیشتەجێیە. تاوەکو رێکخراوەکە لەو شوێنانەدا ئیرادەیەکی سەربەخۆ نیشان نەدات، هەنگاونان بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر ئەستەم دەبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیان و رێگریکردن لە دروستبوونی قەوارەی نوێ لەسەر سنوورەکانیان، ئەولەویەتی کارەکانیانە و رێگە نادەن هیچ لایەنێک سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە وەربگرێت.