سوپای ئیسرائیل: لە مانگێکدا هەزار چەکداری حیزبوڵڵامان کوشتووە و 3500 ئامانجمان پێکاوە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی مانگی رابردووی لەنێو خاکی لوبنان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا نزیکەی هەزار چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتووە و زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئامانجی سەربازییان پێکاوە.
 
ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی عەرەبی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، هێزە وشکانییەکانیان بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و دەریایی، بەردەوامن لە کێوماڵکردنی ناوچەکانی باشووری لوبنان و تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، لەنێو ئەو هەزار چەکدارەی کوژراون، ژمارەیەکی زۆر فەرماندەی باڵا و سەدان ئەندامی "هێزی رەزوان"ی حیزبوڵڵا هەن. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پێنج پردی سەرەکییان تێکشکاندووە کە بۆ گواستنەوەی چەک لە باکوورەوە بۆ باشووری لوبنان بەکاردەهاتن.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل بنکە و کۆگەکانی کۆمەڵەی "قەرزولحەسەن"ی پێکاوە کە وەک سیستمێکی دارایی لەدەرەوەی بانکە فەرمییەکان هاوکاریی دارایی حیزبوڵڵا دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا لە یەک هێرشی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان، 15 چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتووە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن فیرقەی 146ـی سوپاوە شوێنپێیان هەڵگیرابوو. دەشڵێت، گروپێکی دیکەیان پێکاوە کە ویستوویانە مووشەکی دژە تانک ئاراستەی ئیسرائیل بکەن.
 
سوپای ئیسرائیل گرتەی ڤیدیۆیی لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند ئەندامێکی دەستگیرکراوی "هێزی رەزوان"ی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی بانگەشەی سوپای ئیسرائیل، دەستگیرکراوەکان لە لێکۆڵینەوەکاندا باسیان لەوە کردووە کە "ورەی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا زۆر دابەزیوە" و زۆربەیان "بە ناچاری" دەبرێنە بەرەکانی جەنگ. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت: "هەموو شوێنێک بۆردوومان دەکرێت و کەس نازانێت کەی مووشەک بەسەریدا دەتەقێتەوە."
 
حیزبوڵڵا: 1309 ئۆپەراسیۆنمان دژی ئیسرائیل کردووە
 
هەر ئەمڕۆ حیزبوڵڵای لوبنان ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی یەک مانگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 300 ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆریان دژی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە.
 
بەگوێرەی ئینفۆگرافیکێک کە حیزبوڵڵا لە تەلەگرام بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی نێوان 2ـی ئادار تاوەکو 1ـی نیسانی 2024، تێکڕا 1309 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کردووە، کە تێکڕای رۆژانەی چالاکییەکان گەیشتووەتە 42 ئۆپەراسیۆن
 
لە راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵادا هاتووە، 664 ئۆپەراسیۆن لەنێو خاکی لوبنان (بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان) و 645 ئۆپەراسیۆنیش لەنێو خاکی ئیسرائیل کراون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە قوڵایی هێرشەکانیان گەیشتووەتە 160 کیلۆمەتر لەنێو خاکی ئیسرائیلدا.
 
حیزبوڵڵا دەڵێت لەو مانگەدا توانیویانە  140 بنکەی سەربازی، 292 کۆمەڵگەی جوونشین، 143 خاڵی سنووری بکەنە ئامانج. 
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکانیش حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، 20 فڕۆکە و درۆنیان تێکشاندووە. زیاتر لە 350 سەربازی ئیسرائیلی کوژراو و بریندار بوون. هەروەها باس لە تێکشکاندن یان پەکخستنی 136 تانکی مێرکاڤا، 12 شۆفڵ و حەفارەی سەربازی و 4 درۆنی جۆری "هێرمس 450" کراوە.