حەسەن نەسروڵڵا: مانگێکە ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ یەکەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەرکەوت و رایگەیاند، "هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە و ئێمە هەر لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە چووینەتە ناو شەڕەکەوە". گوتیشی، مانگێکە ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی نەبووە.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "ئەو بەرگرییەی لە سنووری ئێمەدا [لوبنان] روودەدات، بێ وێنەیە، ئیسرائیل هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینیوە، وامان کردووە تەرکیزی کەمتر بێت لەسەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا".
نەسروڵڵا دەڵێت، هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێویست و گرنگ و لە کاتێکی گونجاودا بوو. دەشڵێت، مانگێکە سوپای ئیسرائیل یەک دەستکەوتی سەربازی نەبووە. پێشیوایە کە ئیسرائیل "منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی سڤیلن." باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات.
گروپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە. ئەمریکاش رایگەیاندبوو، چاوەڕێی گوتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن.
حەسەن نەسروڵڵا دەڵێت، جەنگی تۆفانی ئەقسا بۆ زیاتر لە گۆڕەپانێک درێژبووەتەوە و ئەوانیش بە شەرعی دەزانن، بۆ یەکەمجاریش کوژرانی 57 چەکداری حزبوڵڵای ئاشکرا کرد کە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەوە بە دەستی ئیسرائیل کوژراون.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازیی حەماس لەناکاو هێرشیکردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 400 کەس کوژراون. لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
لە قسەکانی ئەمڕۆیدا، حەسەن نەسروڵڵا هێرشەکەی حەماسی بە "ژیرانە و بوێرانە" ناوبرد و گوتی، لە کاتێکی گونجاویشدا بووە. ئەو وا لێکیدایەوە کە هێرشەکەی 7ـی مانگی رابردووی حەماس، بەربەرەکانێی لەگەڵ ئیسرائیل بردووەتە قۆناخێکی نوێوە.
لە سەرەتاوە چاوەکان چوونە سەر ئێران، بەوەی کە لە پشتی هێرشەکەی حەماسەوە بووبێت بە هاوکاریی جۆراوجۆر، بەڵام ئەو وڵاتە رەتیکردەوە، حەسەن نەسروڵڵا لەمبارەیەوە باسی لەوە کرد، "بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات". گوتیشی، ئەوان و ئێرانیش ئاگاداری جەنگەکە نەبوون و وەکو خەڵکی دیکە لە تەلەڤیزیۆنەوە زانییان.
نەسروڵڵا پێیوایە، دەبێت حەماس و غەززە لە جەنگەکەدا سەربکەون و دەڵێت، ئەگەر ئەوان سەرکەوتن، یانی گەلی فەلەستین سەرکەوت، ئەوە سەرکەوتنە بۆ گەلی موسڵمان و وڵاتانی دراوسێ، سەرکەوتنی غەززە بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی فەلەستینی، ئوردنی، سووریایی و لوبنانییە.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.
تاوەکو کۆتایی قسەکانی، حەسەن نەسروڵڵا باسی لەوە نەکرد کە ئایا پلانی حزبوڵڵا چی دەبێت لە داهاتووی ئەم جەنگەدا، بەڵام ئەمریکای بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر بە رەوشی غەززە و ئیسرائیلی وەکو جێبەجێکاری خواستەکانی ئەمریکا ناوبرد. هاوکات، گوتیشی، "دوو ئامانجمان هەیە؛ جەنگەکە بووەستێت و حەماس تێیدا سەربکەوێت".
حیزبوڵڵا کێیە و بۆچی لە هاوکێشەکاندا گرنگە؟
هێزێکی چەکداریی و سیاسیی بەهێز؛ حیزبوڵڵا رێکخراوێکی ئیسلامیی شیعەیە کە هەم لە رووی سیاسییەوە کاریگەرە و هەم کۆنترۆڵی بەهێزترین هێزی چەکداری لە لوبنان دەکات.
ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن زاڵترین دەسەڵاتی شیعەی ناوچەکەوە کە ئێرانە، بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل دامەزرا، کە هێزەکانی لە کاتی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا، باشووری لوبنانیان داگیرکردبوو.
حیزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی 1992 بەشداری لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی لوبنان کرد و لەوکاتەوە ئامادەییەکی گەورەی سیاسی هەیە.
"هێرشی کوشندە"
باڵە چەکدارەکەی حیزبوڵڵا زنجیرەیەک "هێرشی کوشندە"یان بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە لوبنان ئەنجامداوە و کاتێکیش ئیسرائیل لە ساڵی 2000 لە لوبنان کشایەوە، حیزبوڵڵا ئەو شانازییەی وەرگرت.
لەو کاتەوە حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان هەزاران چەکدار و جبەخانە و مووشەکی زەبەلاحی پاراستووە و بەردەوامە لە دژایەتیکردنی بوونی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکان.
لەلایەن دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کەنداو و کۆمکاری عەرەبیەوە، حیزبوڵڵا وەکو رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەستنیشان کراوە.
مێژووی حیزبووڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل
لە ساڵی 2006 شەڕێکی تەواو لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا سەریهەڵدا، بەوە دەستیپێکرد کە حیزبوڵڵا هەڵیکوتایە سەر سنووری ئیسرائیل و هێرشێکی کوشندەیان ئەنجامدا.
سوپای ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەو مەترسییەی حیزبوڵڵای نەهێڵن، هێرشیان کردە سەر باشووری لوبنان، بەڵام حیزبوڵڵا بە زیندوویی مایەوە و لەوکاتەوە ژمارەی شەڕکەرەکانی زیاد کردووە و چەکی نوێ و باشتری دەستکەوتووە.