گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان: 48 هێرش کرایە سەر شەش پارێزگای یەمەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو ئەمریکا و بەریتانیا 48 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر یەمەن هەبووە، هێرشەکان لە شەش پارێزگا بوون و زۆربەشیان بۆ سەر شاری سەنعا بوون.
عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "فڕۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیای دووژمن لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا 48 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر یەمەن هەبووە."
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشەکان، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، دەڵێت: "13 هێرشیان بۆ سەر پایتەخت بوون، 11 هێرشیان بۆ سەر پارێزگای تەعز، 9 هێرش بۆ پارێزگای حودەیدە، 7 هێرش بۆ پارێزگای بەیزا و 7 هێرشی دیکە بۆ پارێزگای حەججە و یەک هێرشیش بۆ سەر پارێزگای سەعدە بووە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هێرشەکان 13 شوێنی یەمەن، 36 پێگەی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان دژی هاتووچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن."