ئیسرائیل: ئێران هێشتا توانای مووشەکی ماوە؛ بنکەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئیسفەهان تێکشکێنرا


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا توانایەکی بەرچاوی بۆ هەڵدانی مووشەک بەرەو ئیسرائیل ماوە، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لە نێو خاکی ئێران بەردەوامە.
 
ئەفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەکمان تێکشکاندووە کە مەترسییەکی گەورە بوون بۆ سەر ئیسرائیل. ئێمە بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر سەکۆکان بۆ کەمکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکان، بەڵام رژێمی ئێران هێشتا توانایەکی زۆری ماوە."
 
دیفرین هۆشداریشی دا و گوتی: "دەمەوێ ئەوەتان بیربهێنمەوە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێمە ناتوانێ رێگری لە هەموو مووشەکێک بکات و بەتەواوی بێ کەموکوڕی نییە."
 
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی جیادا ئاشکرای کرد کە شەوی رابردوو دامەزراوەیەکیان بۆ "کۆگاکردن، بەرهەمهێنان و هەڵدانی مووشەکی بالیستی" لە شاری ئیسفەهانی رۆژئاوای ئێران بۆردومان کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپا، لەو بنکەیەدا مووشەکی جۆری "قەدر" بەرهەم هێنراوە و هەڵگیراوە.