سوپای کوێت: بەرپەرچی شەپۆلێکی مووشەکی و درۆنی دەدەینەوە
روداو دیجیتاڵ
سوپای کوێت دەڵێ، رۆژی چوارشەممە چەندین مووشەک و درۆن ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە و هێزەکانیان خەریکی بەرپەرچدانەوەیانن. ئەمەش لە پێنجەمین رۆژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دێت.
لە راگەیێندراوێکی فەرمیی سوپای کوێتدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکان ئێستا خەریکی رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی مووشەک و درۆنن کە لە ئاسمانی کوێت دەبیندرێن و ئەرکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و خستنەخوارەوەی ئەو تەنانە جێبەجێ دەکەن."
لەگەڵ هەوڵەکانی سوپا بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکان، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری شاری کوێت بیستراوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو چووەتە پێنجەمین رۆژی خۆیەوە.