ڤیدیۆ.. هەوڵی دایکانی غەززە بۆ ئەوەی رۆژێکی دیکە ژیان بە منداڵە برسییەکانیان ببەخشن


رووداو دیجیتاڵ 

 

لە ڤیدیۆکەدا دیمەنی کوڕێکی گەنج دەبینن کە تاوەکو چەند مانگ لەمەوبەر تەندروست بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە غەززە، جەنگ و برسێتی دایڕزاندووە.. چیرۆکی غەززە، تەنیا چیرۆکی بۆردوومان و وێرانکاری نییە، بەڵکو تراژیدیایەکی مرۆییە کە رۆژ دوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە و قوربانی سەرەکیش منداڵانن.
 
هاوکات لەگەڵ قەیرانی برسێتی، ئاگری جەنگ بەردەوامە. تەنانەت ناوەندە مرۆییەکان پارێزراو نین. بارەگای مانگی سووری فەڵەستینی لە خان یونس کرایە ئامانج، ئەوەش بووە هۆی کوژرانی کارمەندێک و برینداربوونی سێی دیکە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوانە ئاسمانی غەززە بەهۆی تەقینەوەکانەوە رووناک دەبێتەوە.
 
لەکاتێکدا دۆخی مرۆیی لەم ئاستەدایە، لێدوانە سیاسییەکان ئاراستەیەکی دیکەی ململانێکەمان پێشان دەدەن. وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، لە شوێنێکی هەستیاری وەک حەرەمی قودسی پیرۆزەوە، پەیامێکی روون دەنێرێت.
 
ئیتاهار بێن گڤیر گوتی، "پێویستە پەیامێک بنێرین. لە ئەمڕۆوە، کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززە دەکەین، بە تەواوی دەیخەینە سەر خاکەکەمان، هەموو ئەندامێکی حەماس لەناودەبەین، و هانی کۆچی خۆبەخشانە دەدەین."
 
جەنگێک کە بە هێرشی 7ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و نزیکەی 1200 ئیسرائیلی تێدا کوژران، ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 60 هەزار فەڵەستینی، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. 
 
لە کاتێکدا جیهان لە سیدنییەوە تا شوێنەکانی دیکە خۆپێشاندان دەکات، لە غەززە، چارەنووسی ملیۆنان کەس لەنێوان بڕیاری سیاسی، بۆردوومانی سەربازی و هەوڵێکی بێهیوای دایکێکدا هەڵواسراوە بۆ ئەوەی تەنیا یەک رۆژی دیکە ژیان بە کوڕەکەی ببەخشێت.