سەرکردەیەکی باڵای حەماس بۆ رووداو: بە هیچ شێوەیەک چەک رادەست ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی حەماس دەڵێت، چەکی دەستیان هی رۆژێک و دووان نییە، "بەڵكو لە بەردێکەوە دەستمانپێکرد تاوەکو گەیشتە درۆن، بۆیە بە هیچ شێوەیەک چەک رادەست ناکەین."
 
تەیسیر سلێمان، ئەندامی سەرکردایەتیی حەماس لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16ـی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "هێڵی سووری حەماس ئەوەیە، نابێ بۆردوومان و کۆمەڵکوژی سەر غەززە بەردەوامن بن، پێویستە چەکی دەوڵەتی فەلەستین بەرگری لە غەززە بکات".
 
تەیسیر سلێمان گوتیشی، حەماس چەک بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین بەکاردێنێت بۆیە ئامادەنین چەک دابنێن"، هۆکارەکەشی بۆ ساڵی 1982 گەڕاندەوە و رایگەیاند: "لە ساڵی 1982 کاتێک فەلەستینیەکان چەکیان دانا، ئیسرائیل سەتان کەسی کوشت، لە ساڵانی دواتریش دەیان هەزار فەلەستینی و لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران".
 
سەبارەت بە تێکچوونی پلانی ترەمپ لە ئەگەری دانەنانی چەک، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی حەماس گوتی: "وەڵامی حەماس زۆر روونە، دەبێ ئاگربەست بکرێت، هەموو شتێک بەندە بە ناوخۆی فەلەستین، دەبێ سەروەریی فەلەستین بپارێزرێت، نابێ کەسێکی بیانی بێت و بڕیار لەسەر فەلەستین بدات، هەر بابەتێکیش هەبێت دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی فەلەستین و خەڵکی فەلەستین بڕیاری لەبارەوە بدرێت'.
 
گوتیشی رێککەوتنەکە بەوجۆرەیە کە کۆمەڵكوژی رابگیرێت و دیل بە دیل بکرێت.
 
لەبارەی هەڵوێستی بزووتنەوەی فەتحەوە، تەیسیر سلێمان گوتی: "بزووتنەوەی فەتح ماوەیەکی زۆرە هاوبەش نییە لەگەڵ ئەو جەنگەی لە کەرتی غەززە روویداوە، چونکە ئەو بزووتنەوەیە رازی بووە چەک دابنێت، لە ئەنجامیشدا دەبینین لە کەرتی رۆژئاوا ئیسرائیل رۆژانە پێشێلکاری دەکات".
 
لەبارەی ئەوەی ئایا هەموو حەماس کۆکن لەسەر ئەوەی چەک دانەنێن؟ گوتی: "هەموو بزووتنەوەی حەماس کۆکن لەسەر ئەوەی چەک دانەنێن، چونکە ئەمە چەکی رۆژێک و دووان نییە، بەڵکو لە بەردێکەوە دەستیپێکردووە تاوەکو گەیشتووەتە ئەوەی بەرەی بەرەنگاربوونەوە خۆی درۆن درووست بکات، بۆیە بە هیچ شێوەیەک چەک رادەست ناکەین".
 
بە گوتەی تەیسیر سلێمان، بزووتنەوەی حەماس ئێستا لە قۆناخی دانوستاندندایە، میسر و قەتەر نێوەندگیری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی ئەمریکا.
 
راشیگەیاند: "دەبێ سەرۆکی ئەمریکا فەرمان بە ئیسرائیل بکات کوشتن و برسیکردنی منداڵ و بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکان رابگرێت، نابێ تەنیا رووی دەمی لە حەماس بێت".
 
سەبارەت بە پابەندبوونی بزووتنەوەی حەماس بە رێککەوتنەکە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی حەماس گوتی: "هەموولایەک بەتایبەت میسر و قەتەر و تورکیا دەزانن حەماس پابەندە، ئەگینا هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل بەهۆی بۆردوومانەکانیەوە چەندین منداڵی فەلەستنینییان لەناو نەخۆشخانەکاندا کوشتووە".
 
رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە یەکێک بوو لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد. 
 
دواتر کۆشکی سپی نێوەڕۆکی پلانە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە غەززە بڵاوکردەوە، بە گوێرەی پلانەکە پێویستە حکومەتی تەل ئەڤیڤ و حەماس بە ئاگربەست رازیبن و لە زووترین کاتدا بارمتە و زیندانییەکان ئازادبکرێن و دەستەیەکیش بۆ بەڕێوەبردنی غەززە پێکبهێنرێت