وەزیری ناوخۆی لوبنان: ئافرەتە دەستگیركراوەكە هاوسەری پێشووی بەغدادییە

رووداو- بەیرووت

وەزیری ناوخۆی لوبنان رایگەیاند، ئەو ئافرەتەی هێزەجئەمنییەكانی لوبنان دەستگیریان كردووە، هاوسەری پێشووی ئەبوبەكر بەغدادییە و ئەو كچەش، كە لەگەڵی گیراوە، كچەكەیەتی.

نیهاد مەنشوق، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە توێتێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، کە "ئافرەتە دەستگیركراوەكە هاوسەری پێشووی بەغدادییە و دایكی كچەكەیەتی، كە لەگەڵی دەستگیركراوە، پشتڕاستیش كراوەتەوە، كە ئەو ئافرەتە پەیوەندی بە چەندین رێكخراوی تەكفیرییەوە هەیە".

مەنشوق لە تویتێكی دیكەدا رایگەیاندووە، ئەو ئافرەتە ئێستا هاوسەری بەغدادی نییە و سێ جار هاوسەرگیری كردووە و ئێستا هاوسەری پیاوێكی فەلەستینییە. 

پێشتر دەزگا ئەمنییەكانی لوبنان رایانگەیاند، لەسەر سنووری سوریا هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی و كچەكەی لەلایەن سوپای لوبنانەوە دەستگیركراون، ئەو ئافرەتەش ناوی سەجا دلێمی یە.

دوێنێ چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2014، سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە رایگەیاند، "ئەو  ژنە خوشكی پیاوێكە بەناوی عومەر عەبدولحەمید ئەلدلێمی كە لەلایەن حكومەتی عێڕاقەوە دەستگیركراوە و حوكمی لەسێدارەدانی لەسەرە بەهۆی ئەوەی تەقینەوەی لە بەسرە و ناسرییە ئەنجامداوە".

سەعد مەعن هەروەها رایگەیاند، "ئەمیری داعش لەگەڵ دوو ئافرەت هاوسەرگیری كردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەوان پاشناوی دلێمی نییە".