سەرۆکی کۆپ28: باوەڕمان بە زانست هەیە و دەبێت دەردانی گازە ژەهراوییەکان کەمبکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆپ 28 لە وەڵامی رەخنەی زانایان، باوەڕ و متمانەی بە زانست دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "زانست پێمان دەڵێت دەبێت بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین کەم بکەینەوە تاوەکو بتوانین بەو رێژەیە لە دەردانی گازە ژەهراوییەکان بگەین کە لە رێکەوتنی پاریس 2015 دیاریکراوە."
رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023 سوڵتان جابر، سەرۆکی کۆپ 28 دوور لە چاوی کامێراکان لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ چەند کەسێك کە دەنگەکەی تۆمارکراوە، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە راستی توێژینەوە زانستییەکان کە ئایا وازهێنان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پلەی گەرمای زەوی، گوتبووی، "هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نییە کە بیسەلمێنێت وازهێنان لە سووتەمەنی بەردین رێگەمان بۆ خۆش دەکات کە بگەینە 1.5 پلەی سیلیزی کە لە رێککەوتنی پاریس دیاریکراوە." هەروەها گوتوویەتی، "ئەگەر دەستبکرێت بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین تاوەکو بگەیێندرێنە سفر کەوابوو جیهان بۆ سەردەمی ئەشکەوتەکان دەگەڕێنینەوە."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی کۆپ 28 رووبەڕووی رەخنەی تووندی بەشێک لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە بووەوە. رۆژی دووشەممە کە پێنجەم رۆژی کۆنفڕانسەکەیە، جیم سکییا، سەرۆکی دەستەی حکومی نێودەوڵەتی کە بەرپرسی بەرنامەی گۆڕانی کەشوهەوایە داوای بەستنی کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانی بە ئامادەبوونی جابر کرد و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە لێدوانەکەی رۆژی پێشووتر، جابر گوتی، "ئێمە لێرەین چونکە باوەڕمان بە زانست هەیە و رێزیشی لێدەگرین، سەرجەم کاری کۆپ28 و سەرۆکایەتیی کۆنفرانسەکە لە دەوروبەری زانست و توێژینەوە زانستییەکاندا دەسووڕێنەوە."
بەڵام هاوکات جابر گومانی خۆی نەشاردەوە سەبارەت بە سەرکەوتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەیشتن بە 1.5 پلەی سیلیزی و گوتی، "دەبێت لەو بوارەدا جدی و واقعی بین و هەنگاوی بوێرانەش بنێین لەوانەش کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکانە بە رێژەی 43٪ تاوەکو ساڵی 2030."
لە رێکەوتنی پاریس لە 2015دا وڵاتانی بەشداربوو رێککەوتن لەسەر ئەوەی تاوەکو ساڵی 2050، دەردانی گازە ژەهراوییەکان بگەیێندرێتە سفر، بەو جۆرە پلەی گەرمای زەوی لە 1.5 پلەی سیلیزی دەهێڵدرێتەوە ئەوە بە بەراورد بە پلەی گەرمای زەوی پێش ساڵی 1750 کە ساڵی دەستکردنی شۆڕشی پیشەسازییە لە بەریتانیا و پاشان ئەوروپا و بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین بۆ بەرهەمهێنانی زۆر و پیشەسازی.