عەلی شەمخانی: عێراق لە هێرشی مووشەکیی سەر عەین ئەسەد ئاگادار کرابووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند حکومەتی عێراق لەو هێرشە مووشەکییەی ئێران ئاگادار کرابووەوە، کە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا.
 
عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کە ئێستا راوێژکاری سیاسیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکا لە هێرشی مووشەکیی ساڵی 2020 بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عەین ئەسەد راست نین، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی نزیکی تاران و بەغدا و رەچاوکردنی بنەماکانی دراوسێیەتی، نیو کاژێر پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق لە هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە یەکساڵی رابردوودا چەندینجار رایگەیاندووە، ئێرانییەکان پێشوەختە لەو هێرشە ئاگاداریان کردوونەتەوە. 
 
ترەمپ لە 07-11-2023 لە گوتەیەکدا لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساس گوتی، ئێرانییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکییەکانەوە کردووە و پێیان راگەیاندوون هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام وا دەکەن مووشەکەکان بەر بنکە سەربازییەکان نەکەون.
 
ئێران پێنج رۆژ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە 8ی کانوونی دووەمی 2020 هێرشی مووشەکی کردە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق. هێرشەکەی ئێران زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.