حکومەتی لوبنان چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی لە وڵاتەکەی قەدەخە کرد
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی لوبنان رۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی کتوپڕی دا بە قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر خاکەکەی، بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بە تووندی بەردەوامە.
پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیارە نوێیەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، رێنمایی پێویست دەربکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی جوولە و مانەوەی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لوبنان."
لە بڕیارەکەی حکومەتی لوبناندا جەختکراوەتەوە، کە دەبێت بە تووندی و بەپەلە رێگری لە هەر چالاکییەکی ئەمنی یان سەربازی بکرێت کە لەلایەن ئەو هێزانەوە لەسەر خاکی لوبنان ئەنجام دەدرێن. هەروەها ئاماژە بەوەدەکات: "پێویستە ئەو کەسانە لەلایەن دادگا پەیوەندیدارەکانەوە دەستگیربکرێن دواتر لە وڵات دەربکرێن، بێ گوێدانە پلە و پۆست و ناسنامەکانیان."
حکومەتی لوبنان بڕیارێکی دیکەدا "وەرگرتنی ڤیزا"ی بەسەر هاووڵاتیانی ئێرانیدا سەپاند. پێشتر هاووڵاتیانی ئێران بەبێ ڤیزا دەیانتوانی بچنە ناو خاکی لوبنانەوە، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە ئەو مافەیان لێسەندرایەوە.
ئەم هەنگاوە تووندانەی حکومەتی لوبنان دوای ئەوە دێن، کە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، حیزبوڵڵای لوبنان بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو، ئەو هێرشە وەک "تۆڵەکردنەوەیەک" بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گیانی لەدەستدابوو.