توركیا شوێنی خۆی لە ئدلیب قایمتر دەكات
رووداو - هەولێر
پاش گرتنی شاری عەفرین لەلایەن سوپای توركیا و هێزە سوورییە لایەنگرەكانی كە بە "سوپای ئازادی سووریا" ناسراون، ئەنقەرە پەیتا پەیتا هەڕەشە دەكات كە پلانی دواتریان پەلاماردانی شاری مەنبجە. ئەنقەرە بانگەشەی ئەوەش دەكات كە لە داهاتوودا هەموو كوردستانی سووریا (رۆژئاڤا) تاوەكو دەگاتە سنووری عێراق دەگرن. هەرچەندە پێدەچێت توركیا بەنیاز بێت گوشار بخاتە سەر ئەمریكا بۆ ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێگە بۆ كشانەوەی ئاشتیانەی هێزەكانی پەیەگە لە مەنبج خۆش بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكرێ پارێزگای ئدلیب لە باكووری رۆژئاوای سووریا و لە باشووری عەفرین ئامانجی داهاتووی هێرشە سەربازییەكانی توركیا بێت.
رۆژی 18ی ئادار كە هەمان رۆژی داگیركردنی عەفرین بوو، سەرۆكی توركیا لە گوتارێكدا رایگەیاند "ئێمە لەسەر ئەم رێچكەیە بەردەوام دەبین، تاوەكو ئەو كاتەی بە تەواوەتی كۆریدەرەكە (واتە كۆریدەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە) دەسڕینەوە كە مەنبج، عەینولعەرەب (كۆبانێ)، تەلئەبیەز (گرێ سپی)، رەئسولعەین (سەرێ كانیێ) و قامیشلو لەخۆدەگرێت". رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، پێشتریش گوتبووی هێرشە سەربازییەكانی توركیا "لە عەفرین كۆتاییان نایەت، بەڵكو دواتر نۆبەی مەنبج و ئدلیبە".
مەنبج، شارێكی زۆرینە عەرەبە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ئابی 2016 لەژێر دەستی داعشیان دەرهێنا. لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكانی مەنبج، واشنتن بەڵێنی بە ئەنقەرە دابوو كە تەنیا ژمارەیەكی كەم لە شەڕڤانانی یەپەگە لە هێرشەكەدا بەشداری دەكەن و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەش لە مەنبج نامێننەوە. ئێستا 18 مانگ بەسەر ئازادكردنی مەنبجدا تێپەڕیوە و پێدەچێت توركیا داوای بەجێهێنانی بەڵێنەكە لە ئەمریكا بكات.
بە پێچەوانەی عەفرین (كە زۆنی دەسەڵاتی رووسیا بوو) ئەمریكا بنكەی سەربازی لە مەنبج و بەشەكانی دیكەی رۆژئاڤادا هەیە. توركیا پێشنیازی كردووە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن، لەو رێگەیەشەوە كشانەوەی هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە یەكلایی بكەنەوە. تاوەكو ئێستاش فەرماندەكانی هێزی ئەمریكا ئامادەییان پیشان نەداوە هێزەكانیان لە مەنبج بكێشنەوە، بۆیەش توركیا ناتوانێت هێرش بكاتە سەر شارەكە، چونكە مەترسی ئەوەی لێدەكرێت سەربازانی ئەمریكی لە شەڕەكەدا بكوژرێن.
لەوانەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا جۆرێك لە رێككەوتنی نێوان ئەنقەرە و واشنتن چارەنووسی مەنبج یەكلا بكاتەوە. جیا لەمەش بەو پێیەی ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە رۆژئاڤا هێشتووەتەوە، چاوەڕێ ناكرێت پلانی توركیا بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو رۆژئاڤای كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا سەربگرێ.
كیل ئۆرتن، شرۆڤەكاری كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەمبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "گوتاری زێدەڕۆیانەی ئەردۆغان سەبارەت بە گرتنی هەموو رۆژئاڤای كوردستان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە بیكاتە كارتێكی بەهێز بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا". بەبۆچوونی ئۆرتن "ئۆپەراسیۆنی عەفرین بۆ لاوازكردنی یەپەگە بوو لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە، هاوكات ئەمریكاشی ناچار كرد نیگەرانییەكانی ئەنقەرە لەسەر سنووری نێوان سووریا و توركیا بەجددی وەربگرێت"، بۆ ئەوەی هەرهیچ نەبێت رێگە بۆ لادانی هێزەكانی یەپەگە لە مەنبج خۆش بكات، وەكو ئەوەی لە رێككەوتنەكەی 2016ی نێوان توركیا و ئەمریكادا هاتبوو.
ئۆرتن پێیوایە كشانەوەی هێزەكانی یەپەگە لە مەنبج لەسەر داوای ئەمریكا چەند قازانجێكی بۆ پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتن دەبێت، لەوانەش "دەربڕینی نیازپاكییەكی بەرجەستە" بەرامبەر توركیا، ئەم هەنگاوە ئەوەش دەسەلمێنێت كە ئەمریكا دەتوانێت یەپەگە كۆنترۆڵ بكات، چونكە "ئەنقەرە گومانی خستبووە سەر توانای ئەمریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی یەپەگە" وەكو چۆن گومانیش هەیە رووسیا بتوانێت سەرۆكی رژێمی سووریا كۆنتڕۆڵ بكات. بە بۆچوونی ئۆرتن لە روانگەی توركیاوە "خراپترین شت ئەوەیە ئەمریكا پشتگیری دوژمنی هەمیشەیی ئەوان بكات، بەڵام دواتر نەتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات".
پرۆفیسۆر جۆشوا لەندیس، شارەزای كاروباری سووریا لە زانكۆی ئۆكلاهۆمای ئەمریكی، پێیوایە گرنگ نییە پێشهاتەكانی ئەمدواییەی مەنبج چی دەبن، چونكە ئامانجی سەربازیی داهاتووی ئەنقەرە پارێزگای ئدلیبە كە ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی هەیئەی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی جاران) دایە. هەیئەی تەحریر بە باڵی سووریای رێكخراوی ئەلقاعیدە دادەنرێت.
لەندیس لەمبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "ئەردۆغان دەیەوێت شوێنی توركیا قایم بكات، لەكاتێكدا وڵاتەكەی لە سووریا لە شەڕەوە تێگلاوە. بۆیە پێموایە پاش جێگیربوون لە عەفرین، بیر لە ئدلیب بكەنەوە. ئەردۆغان دەبێت پێشوەخت دەرگای كۆنترۆڵكردنەوەی ئدلیب لە ئەسەد بگرێت، لە كاتێكدا هێزەكانی رژێم سەرقاڵی گرتنەوەی غوتەی رۆژهەڵاتن".
بەبۆچوونی شارەزا ئەمریكییەكە "مەنبج و رۆژهەڵاتی سووریا دەكرێ پڕۆژەی درێژخایەنی توركیا بێت، چونكە پێویستی بە وریاییەكی زیاترە، ئەمریكا نایەوێت خاڵی لاواز بەدەستەوە بدات، بەتایبەتیش كە تیمێكی نوێ لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە دەستبەكار بوون". مانگی رابردوو هەردوو پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گۆڕانكارییان تێدا كرا.
جۆشوا لەندیس جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە "توركیا دەیەوێت ئەوەندەی بۆی دەكرێت دەست بەسەر خاكێكی زیاتر لە سووریادا بگرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەكو ناوچەی نفووز بەكاری بهێنێ".
لە پاش دەستگرتن بەسەر عەفریندا، بۆ یەكەمجار لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا عەفرین و ئدلیب پێكەوە هاوسنوور بوونەتەوە. ئۆرتن دەڵێت "ئدلیب كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئیدارەكردنی عەفرین نابێت، بەڵام توركەكان دەیانەوێ فۆكەسێكی زیاتر بخەنە سەر قاعیدە و لقەكانی". توركیا پێشتریش لە هەندێك حاڵەتدا سەركەوتوو بووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە جیهادییەكان، بۆ ئەمەش پشت بە دروستكردنی دووبەرەكی لە ریزەكانیاندا دەبەستێ.
كیل ئۆرتن پێیوایە تاوەكو ئێستا دیار نییە توركیا هەتا چەندە دەتوانێت لە مامەڵەكردنی سەركەوتووانە لەگەڵ جیهادییەكان بەردەوام بێت، بەڵام "توركیا تاكە ئەكتەرە بتوانێت بە یەكجاری تیرۆریستەكان لە كۆڵ ئدلیب بكاتەوە". لە كاتێكدا توركیا خەریكە جارێكی دیكە چەكدارە جیهادییەكان وەكو ئامرازێكی بە سوود بۆ خۆی دەبینێ.