سوپای پاسداران: چەندین ئامانجی ئەمریکی و ئیسرائیلیمان لە کەنداو پێکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا، چەندین ئامانجی سەربازی و ئابووریی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەی کەنداو پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێزی دەریایی سوپا لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشەکەی ئەنجامداوە و تێیدا "زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کەنداو و وڵاتانی دەوروبەری گەیاندووە."
سوپای پاسداران دەڵێت، بە مووشەکی بالیستیک و درۆنی خۆتەقێن، شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندە و ئەفسەرانی ئەمریکییان لە نزیک بنکەی دەریایی "محەممەد ئەلئەحمەد" لە وڵاتی کوێت بە وردی پێکاوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "بینراوە ژمارەیەکی زۆر ئەمبۆڵانس لەو ناوچەیە کۆبوونەتەوە، ئەوەش نیشانەی زۆریی کوژراو و بریندارەکانە."