ئیسماعیل قائانی: چاوەڕوانی هەژەندی نوێ بن
رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا ئاماژە بە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دەکات و هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و ئەمریکا.
قائانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە پشتبەستن بە ئایەتێکی قورئان (إِنَّ رَبَّكَ لَبِالْمِرْصَادِ) نووسیویەتی: "ئەو دووکەڵەی لە باشووری ئەسفەهان بەرزبووەتەوە و سووتانی کەشتییە ئیسرائیلییەکە لە دەریای ناوەڕاست، یادهێنەرەوەی راستی 'تەبەس' و تێکشکانی کەشتیی جەنگیی 'سەعەر'ە لە شەڕی 33 رۆژەدا."
فەرماندەی فەیلەقی قودس لە درێژەی پەیامەکەیدا هێرش دەکاتە سەر بەرپرسانی رۆژئاوا و بە "هاوەڵانی ئێپستین" ناویان دەبات، دەڵێت: "دەبێت چاوەڕوانی هەژەندی نوێ و شکستی گەورەی هاوشێوەی (تەبەس و مەرەساد) بن، کە ئەمجارەیان تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە."
لەو پەیامەیدا قائانی ئاماژە بە چەند رووداوێکی مێژوویی دەکات، لەوانە " تەبەس" شکستی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لە ساڵی 1980 بۆ رزگارکردنی بارمتەکان لە ئێران) و تێکشکانی کەشتییەکی جەنگی ئیسرائیل لە ساڵی 2006 لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە.