ئوردن ماڵپەڕە سێکسییەکان لە وڵاتەکەی بلۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی رێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکان لە ئوردن بڕیاری دا بە بلۆککردنی ماڵپەڕە سێکسییەکان لەو وڵاتەدا.
رۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، لارا خەتیب، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەی رێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکانی ئوردن رایگەیاند: "دەستەکە بە فەرمی سەرجەم کۆمپانیاکانی پەیوەندی ئاگادار کردووەتەوە کە دەستبەجێ دەستبکەن بە جێبەجێکردنی بڕیاری بلۆککردنی ماڵپەڕە سێکسییەکان."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئوردن، مەبەست لەم بڕیارە بلۆککردنی هەموو ئەو ماڵپەڕانەیە "نەگریس و سێکسیین یان پێچەوانەی یاساکانن."
لارا خەتیب دەڵێ، ئەم هەنگاوە بۆ "رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی فێڵکردن، ساختەکاری و خراپ بەکارهێنانە."
بڕیارەکە لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئوردنەوە پێشوازی لێکرا. دیمە تەهبووب، پەرلەمانتاری ئوردن لە فراکسیۆنی (ئیسڵاح) پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسی: "سوپاس بۆ خودا، حکومەت بڕیاری بلۆککردنی ماڵپەڕە سێکسییەکانی دا. ئەمە داواکارییەکی گرنگ بوو بۆ پاراستنی کۆمەڵگە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر و لە تشرینی یەکەمی 2025دا هۆشداری لە مەترسیی ئەو ماڵپەڕانە داوە و داوای لە حکومەت کردووە دایان بخات.
ژمارەی دانیشتووانی ئوردن نزیکەی 12 ملیۆن کەسە و بەکارهێنەرێکی زۆری ئینتەرنێتی هەیە.