ئەردۆغان پرسە و سەرەخۆشی لە باوکی ئالان دەکات
رووداو- ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی عەبدوڵڵا کوردی باوکی ئالان کرد، کە لە دەریای ئیجە خنكاو وێنەکانی شەپۆڵێکی ناڕەزایەتییان لە سەرتاسەری جیهان دروستکرد.
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، لە سەرچاوەیەکی نێو سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەردۆغان خەمباری زۆری خۆی بە گیانلەدەستدانی خێزان و دوو کوڕەکەی بە عەبدوڵڵا کوردی گەیاندووە و گوتوویەتی''ئالان و براکەی منداڵەکانی ئێمەشن، دایکیشیان خوشکی ئێمەیە''
ئەردۆغان بە باوکی ئالانی گوتووە '' خۆزگە لەڕێی دەریا نەدەڕۆیشتن و میوانی ئێمە دەبوون''. لە بەرامبەریشدا باوکی ئالان سوپاسی خۆی بە سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاندووە کە لەو ناخۆشییە هاوخەمییان بووە.
رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2015، تەرمی منداڵێکی خنکاو بەناوی ئالان عەبدوڵڵا کەخەڵكی کۆبانێیە لە کەناراوەکانی بۆدروم دۆزرایەوە. وێنەكە بە خێراییەكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە و هەزارەها لێكدانەوە بۆ وێنەكە و كۆچكردنی خەڵكی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كران.