حیزبوڵڵای لوبنان: 62 مووشەکمان ئاراستەی ئیسرائیل کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ حیزبوڵڵای لوبنان سنووری ئیسرائیلی مووشەکباران کرد و رایگەیاند، "مووشەکبارانی ئیسرائیل، وەڵامێکە بۆ کوشتنی ساڵح عاروری."
بەیانیی رۆژی شەممە، 06-01-2024، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە 62 مووشەک سنوورەکانی ئیسرائیلیان بۆردوومان کردووە، ئەو بۆردوومانەش وەکو وەڵامێکە بۆ کوشتنی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
ساڵح عاروری رۆژی سێشەممە، لە هێرشێکی درۆنیدا لە بەیرووت کوژرا، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، ئەگەر تۆڵەی کوشتنی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە ئیسرائیل نەکەنەوە، ئەوا ئیسرائیل هێرشی زیاتر دەکاتە سەر لوبنان.
هاشم قاسم (ئەبو ساڵح)، بەرپرسی راگەیاندنی حەماس بۆ میدیای دەرەوە رۆژی 02-01-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە باشووری بەیرووت، ساڵح عاروری کوژراوە.
ساڵح عارووری جگە لەوەی جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە، یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانەی کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە و هەمان ئەو گرووپە بوو کە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل.
لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە، بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، حیزبوڵڵا دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد، رۆژێک دوای ئەوەی کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کە، هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنا.