یەحیا سینوار وەکو جێگرەوەی هەنییە دیاریکرا؛ سینوار 23 ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل بووە


رووداو دیجیتاڵ

یەحیا سینوار وەکو جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە دەستنیشان کرا و بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس.
 
بەرەبەیانی رۆژی 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. بزووتنەوەی حەماس هەرزوو ئیسرائیلی بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 06-08-2024، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، یەحیا سینوار لە شوێنی ئیسماعیل هەنییە وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دیاریکراوە.
 
یەحیا سینوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبووە. ساڵی 2011 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم.
 
یەحیا سینوار چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە.

 

 
 
سینوار لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی، ئازاد کرا.
 
سینوار 23 ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەسەربردووە. لەنێو زیندان خۆی فێری زمانی عیبری کردووە. ئیسرائیل سینواری بە ئەندازیاری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ناوبرد و بەڵێنی داوە لەنێوی ببات.
 
دوای ئازادکردنی لە زیندان، یەحیا سینوار لە ساڵی 2012 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسیارێتیی باڵی سەربازیی کەتائیبی عیزەدین قەسامی پێدرا.
 
یەحیا سینوار لە ساڵی 2015 خرایە لیستی تیرۆری ئەمریکا و لە ئاداری ئەم ساڵیش دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای لە هۆڵەندا بەتۆمەتی ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" و "تاوان دژی مرۆڤایەتی" بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.