کازم ساهیر گۆرانییەک بۆ شەڕی غەززە دەڵێت
رووداو دیجیتاڵ
کازم ساهیر، گۆرانیبێژی دیاری عێراق و جیهان بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان گۆرانییەک بەناونیشانی "تەقەکردنتان رابگرن" بە زمانی ئینگلیزی تۆمار دەکات. کازم ساهیر دەڵێت: "مەبەست لە گوتنی گۆرانییەکە پەیامە بۆ جیهان بۆ راگرتنی ئەو تووندوتیژییەی بەرامبەر هاووڵاتیانی بێتاوان دەکرێت."
کازم ساهیر، هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری عێراقی، لە پۆستێکدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی نوێترین بەرهەمییەوە نووسیویەتی: "لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ پشتیوانیکردنی کەسوکارمان بە هەموو ئامراز و توانا و دۆستایەتییەکانمانەوە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ میوزیکی کلاسیکی هەڵدەستین بە بەرهەمهێنانی گۆرانیی "تەقەکردنتان رابگرن " Hold Your Fire، بە مەبەستی تیشک خستنە سەر کارەساتی مرۆیی و داواکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی وێرانکار."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی زمانی گۆرانییەکە، ئەو هونەرمەندە کە سێ وێنەشی لەکاتی تۆمارکردنی گۆرانییەکە لە ستۆدیۆ پۆستکردووە، دەڵێت: "زمانی ئینگلیزیمان بۆ گەیاندنی پەیامەکە بە جیهان هەڵبژارد بۆ ئەوەی داوای راگرتنی ئەو تووندوتیژییە بکرێت، کە دژی هاووڵاتیانی بێگوناهە."
لەبارەی داهاتەکانی ئەو گۆرانییەشەوە، کازم ساهیر، گۆرانیبێژی عێراقی روونیکردووەتەوە، بەشی زۆری داهاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی ئەم ئاژانسانەوە تەرخاندەکرێت:
- ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA)
- ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵان (یونیسێف)
- پرۆگرامی خۆراکی جیهانی
گۆرانیی "تەقەکردنتان رابگرن"، ئاوازەکەی لەلایەن کازم ساهیرەوە دانراوە، تێکستەکەی لەلایەن تۆم لۆوە نووسراوە، میشال فازڵ کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، گۆرانییەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ میوزیکی کلاسیکی تۆمار دەرکرێت.
جەنگی ئەم جارەی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە رۆژی 7-10-2023 دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل. لەبەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر غەززە راگەیاند.
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 22 کەس کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. لە ئیسرائیلیش 1430 کەس کوژراون و 242 کەسیش بە بارمتە گیراون.