رووداو دیجیتاڵ
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیرووت چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ درێژەدان بە پەیوەندییەکان.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر، بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداوی گوت: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق لە رابردوو، ئێستا و داهاتووشدا نایاب دەبن. ئەمڕۆ نایابن و بە نایابیش دەمێننەوە." هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە دێرینەکانی نێوان گەلانی عێراق و لوبنان کرد.
سەلام بە رووداوی گوت، پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و کورد "زۆر باش"ـن و گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر کورد لە لوبنان دەژین و ئاوێتەی کۆمەڵگە بوون" و "برایەتی" لەنێوان کورد و لوبنانییەکاندا هەیە.
لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی 11ی تشرینی دووەمی عێراق و چاوەڕوانیی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نەواف سەلام گوتی: "ئێمە لە چاوەڕوانیی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی عێراقداین... بۆ ئەوەی درێژە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا عێراقییەکانمان بدەین." گوتیشی، پێکهێنانی حکومەت "پەیوەستە بە برا عێراقییەکانمانەوە" کە بڕیار لەسەر شێوازی حکومەتی نوێی وڵاتەکەیان بدەن و لوبنان دەستێوەردان ناکات.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لیستی "هاوپەیمانیی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، بە بەدەستهێنانی 46 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
سەرەڕای ئەوە، هیچ پارت و هاوپەیمانێتییەک زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێنا، ئەمەش وادەکات وڵاتەکە بکەوێتە قۆناخێکی درێژخایەنی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای لە فراکسیۆنە سیاسییەکان کردووە پەلە لەم پرۆسەیەدا بکەن و داوایکردووە بەبێ دواکەوتن دەست بە دانوستاندنەکان بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەتی نوێ لە ماوە دەستوورییەکاندا دابمەزرێن.
بەپێی دەستوور، پرۆسەکە دەکرێت تاوەکو چوار مانگ بخایەنێت، بەڵام بەرپرسانی باڵای دادوەری ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکان دەستبەجێ دەست بە دانوستاندن بکەن، دەکرێت زۆر زووتر تەواو بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە گەورەترین هاوپەیمانیی شیعەکانە، خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی راگەیاندووە و دەستی بە گفتوگۆ نێوخۆییەکان کردووە بۆ دیاریکردنی بەربژێری داهاتوویان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ