حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، رووبەڕووی هێزێکی ئیسرائیلی بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێ، رووبەڕووی هێزێکی ئیسرائیلی بووەتەوە کە لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی لوبنان دابەزیوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی لوبنان باس لە کوژرانی لانیکەم 16 کەس دەکەن لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارەکانی چاودێریی "بەزاندنی سنووریان لە لایەن چوار هێلیکۆپتەری سوپای ئیسرائیلەوە کردووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای ئەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان دابەزیون و گەیشتوونەتە گۆڕستانی شارۆچکەی (نەبی شیت)، لەگەڵ چەکدارانی حیزبوڵڵا تووشی پێکدادان بوون. حیزبوڵڵا دەڵێت: "دوای ئەوەی هێزەکانی دووژمن ئاشکرا بوون، پێکدادانەکان سەختتر بوون؛" ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێش ئەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئیسرائیل بۆردوومانێکی چڕی ناوچەکەی کردووە.
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، بە درێژایی شەو دەنگی فڕۆکەی جەنگی و تەقەیەکی زۆر بیستراوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لانیکەم 16 کەس لەو بۆردوومانانەی کراونەتە سەر ناوچەکە کوژراون و 35ی دیکەش بریندارن. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان (NNA) دەڵێت، شارۆچکەی نەبی شیت کە یەکێکە لە پێگە بەهێزەکانی حیزبوڵڵا، تەنیا لە شەوی رابردوودا 13 جار بۆردوومان کراوە.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە حیزبوڵڵا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە و ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی وەڵامی داوەتەوە.