نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان: بە رێگەچارەی سیاسی رێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "بە وردی تیشکيان خسته‌ سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ."
 
 
له‌ لايه‌كى دیکەوە، "سەرۆک ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا."
 
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.