سعودیە: دوو ‌هێرشی مووشەکی و درۆنیمان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و کێڵگەکانی نەوت تێکشکاند


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان لە ئاسمانی بنکەی سەربازیی "ئەمیر سوڵتان" و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە ئاراستەی کێڵگەی نەوتی "شەیبە" کرابوون.
 
رۆژی شەممە، 7-3-2026، لیوا روکن تورکی مالکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە  رایگەیاند: "بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان توانیویەتی مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی 'ئەمیر سوڵتان' کرابوو، بەرپەرچ بداتەوە و تێکی بشکێنێت."
 
ئەو بنکە سەربازییەی کە سعودیە باسی دەکات، شوێنی جێگیربوونی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە. میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەناو بنکەکەدا بیستراوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەش کرد، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)یان لە ناوچەی "رووبعولخالی" تێکشکاندووە، کە بەرەو کێڵگەی نەوتی "شەیبە" لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە رەوانە کرابوون.
 
 پێشتر میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە، کە درۆنێکی خۆتەقێن لە کێڵگەی نەوتی "شەیبە"ی داوە و بەو هۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکەدا کەوتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی سعودیە جەخت لە تێکشکاندنی درۆنەکان دەکەنەوە پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان.