ئێران ژمارەیەک مووشەکی دیکەی ئاراستەی ئیسرائیل کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر دەستپێکردنی هێرشێکی مووشەکییان لەلایەن ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل تۆمار کردووە و ئێستا سیستمە بەرگرییەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان لە کاردان.
بەرەبەیانیی سێشەممە سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر، چەندین مووشەک کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل ئاراستە کراون. سیستەمەکانی بەرگریی ئێمە ئێستا کاردەکەن بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە."
میدیاکانی ئێرانیش بڵاویان کردەوە، کە سوپای پاسداران هێرشێکی نوێی بە مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
هاوکات، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل لە رێگەی تەلەفۆنە مۆبایلەکانەوە پەیامی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە ناردووە کە دەکەونە بەر مەترسیی مووشەکەکان.
سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن، چونکە وەک دەڵێت "پەیڕەوکردنی رێنماییەکان ژیانیان دەپارێزێت."
هەروەها رێنمایی دراوەتە هاووڵاتیانی ئیسرائیل لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکی ئاگادارکردنەوە، دەستبەجێ بچنە شوێنە پارێزراوەکان و تاوەکو کاتی دەرچوونی ئاگاداری نوێ، لەوێ بمێننەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەنیا دوای وەرگرتنی رێنمایی فەرمی و روون، رێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت لە شوێنە پارێزراوەکان بێنە دەرەوە و پێویستە بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ.