کوێت: بەرپرسیارێتیی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەکەمان لە بەسرە لە ئەستۆی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی کوێت سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەکەی کرد لە پارێزگای بەسرە و بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی عێراق و داوای کرد رێکار بۆ دووبارە نەبوونەوەی بگیرێتەبەر.
 
سێشەممە 7ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوێت، لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەکەی لە پارێزگای بەسرە کرد و رایگەیاند: "ئەوە پێشێلکارییەکی قبووڵنەکراوە و پێچەوانەی عورف و پەیماننامە دیپلۆماسییەکانە".
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت جەختی کردەوە، کە ئەو کردەوانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقە.
 
شەوی 7ی نیسانی 2026، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەرانی شیعە لە شاری بەسرە لەبەردەم کۆنسووڵخانەی کوێت لەو شارەدا خۆپێشاندانیان کرد و چوونە نێو باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاندووە، عێراق بەرپرسیارێتیی تەواو و راستەخۆی ئەو دەستدرێژیانە و هەر کەمتەرخەمییەک دەگرێتە ئەستۆ، کە لە رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی و کۆنسووڵخانەکانی لە وڵاتەکەیدا هەبووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت داوای لە حکومەتی عێراق کرد، رێکاری خێرا و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە لەو رووداوەوە گلاون و گرەنتیی دووبارە نەکردنەوەی بکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، کوێت بەشێک نییە لە هەر ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و رێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت لەدژی هەر دەوڵەتێ. هەروەها پێیوایە بەردەوامیی ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ئەگەری هەیە کاریگەریی نەرێنیی هەبێت لەسەر پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان کوێت و عێراق و بناخەی متمانەی نێوانیان بێهێز دەکات.