100 کەسایەتی بۆ کۆنگرەی ریاز بانگهێشت دەکرێن
رووداو- هەولێر
بڕیارە 100 کەس وەکو کەسایەتی داوەتی کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ریاز بکرێن، کە دژی حكومەتی سووریا بەڕێوەدەچێت.
سەمیع شوکری، وەزیری کاروباری دەرەوەی میسر لەگەڵ شاندێکی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی قەتەر کۆبووەوە. بەپێی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، کۆنگرەی ریاز لە رۆژانی 8 - 10-12-2015 بەڕێوەدەچێت.
بەپێی گوتەی سەمیر ئەلنەشا، ئەندامی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا ئەو کۆنگرەیە دەبێتە گەڕانەوەیەکی بنچینەیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی بەتەنیا نوێنەرایەتی ئۆپۆزیسیۆن ناکات.
چاوەڕواندەکرێت نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی هەندێک وڵات داوەتی کۆنگرەی ریاز بکرێن بۆئەوەی لە کۆنگرەکەدا ئامادە ببن.
بەپێی سەرچاوەکان وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سعودیە بڕیاریداوە داوەتنامەکان بەناوی کەسایەتی بۆ ئەندامانی کۆنگرەکە بنێرێت، نەک بەو سیفەتەی کە هەیانە.
هەرچەندە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەی ریاز زیادکراوە، بەڵام هێشتان نەزانراوە ئایا هەئیتەت ئەلتەنیسیق بۆ ئەو کۆنگرەیە بانگهێشتکراوە یان نا.