بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، 'تەنیا بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین' دەستبەرداری چەک دەبێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس و بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە رایگەیاندووە، بزووتنەوەکەیان تەنیا دوای دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، چەکەکەی دادەنێت.
 
پێش ئەوە، حەییە لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی، "چەکەکانی ئێمە بە هەبوونی داگیرکاری و دەستدرێژییەوە بەستراونەتەوە. ئەگەر داگیرکاری کۆتایی بێت، ئەم چەکانە دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە."
 
نووسینگەی حەییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، مەبەستی بەرپرسەکە لە "دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆی فەلەستینییە."
 
حەییە هەروەها گوتی، "قبووڵمانە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی جیاکەرەوە جێگیر بکرێن، کە ئەرکیان چاودێریکردنی سنوورەکان و دڵنیابوونەوە بێت لە پابەندبوون بە ئاگربەست لە غەززە."
 
ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت کە حەماس رازی نییە هێزێکی نێودەوڵەتی لە کەرتەکە جێگیر بکرێت، کە ئەرکی چەکداماڵینی بزووتنەوەکە بێت.
 
قەتەر و میسر، کە گەرەنتیکاری ئاگربەستی غەززەن، رۆژی شەممە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و بڵاوەپێکردنی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتییان کرد، وەکو هەنگاوی پێویستی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنە ناسکەکە.
 
ئەم رێکارانە لە پلانی ئاشتیدا هاتوون کە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانی لێ دەکەن.
 
رێککەوتنەکە تا رادەیەکی زۆر شەڕی راگرتووە، هەرچەندە لایەنە شەڕکەرەکان هێشتا لەسەر چۆنیەتیی تێپەڕاندنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە کۆک نین.
 
لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندا، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ پشت "هێڵی زەرد" لەنێو غەززەدا کشانەوە، لەکاتێکدا بزووتنەوەی حەماس ئەو بارمتە زیندووانەی ئازادکرد کە هێشتا لای بوون و رووفاتی هەموو بارمتە مردووەکانیشی رادەستکرد، جگە لە یەکێکیان.
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆڕبەندی دەوحە، کە کۆنفرانسێکی دیپلۆماسیی ساڵانەیە، گوتی: "ئێستا ئێمە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازداین. تاوەکو هیزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی نەکشێنەوە و سەقامگیری بۆ کەرتی غەززە نەگەڕێتەوە، ئاگربەست تەواو نابێت."
 
قەتەر، شانبەشانی میسر و ئەمریکا، یارمەتیدەر بوو لە دەستەبەرکردنی ئاگربەستە درێژخایەنەکە، کە هێشتا ناسک و لەرزۆکە، چونکە ئیسرائیل و حەماس یەکدی بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار دەکەن.
 
هەروەها ناکۆکی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکیی قۆناخی دووەم سەریانهەڵداوە کە هێشتا دەستی پێنەکردووە، لەنێویاندا پرسی چەکداماڵینی حەماس.
 
بەپێی پلانە 20 خاڵییەکە کە بۆ یەکەمجار لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە خرایەڕوو، دەبێت حەماس چەک دابنێت و رێگە بەو ئەندامانەی دەدرێت کە چەکەکانیان دادەنێن غەززە بەجێبهێڵن. بزووتنەوەکە چەندینجار ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.
 
بەپێی ئەو پلانەی کە لە مانگی تشرینی دووەمدا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی بکشێتەوە، غەززە لەلایەن دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی راگوزەرەوە بەناوی "دەستەی ئاشتی" بەڕێوەببرێت و هێزێکی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتیش بڵاوەی پێبکرێت.
 
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆڕبەندی دەوحە گوتی: "پێویستە ئەم هێزە بە زووترین کات لەسەر گۆڕەپانەکە بڵاوبکرێتەوە، چونکە یەکێک لە لایەنەکان کە ئیسرائیلە، رۆژانە ئاگربەست پێشێل دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، عەبدولعاتی و شێخ محەممەد رۆژی شەممە کۆبوونەتەوە و هەردوولا جەختیان لە "گرنگیی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی" رێککەوتنی ئاشتی کردووەتەوە.
 
بەڵام وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان دوودڵ بوون لە بەشداریکردن لە هێزە نوێیەکەدا، کە رەنگە لە کۆتاییدا ناچار بێت رووبەڕووی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان ببێتەوە.
 
بیردۆزەکە ئەوەیە کە دەستەیەک بە ناوی "دەستەی ئاشتی" پێکدەهێنرێت و ترەمپ سەرکردایەتی دەکات، لەکاتێکدا ناسنامەی ئەندامەکانی دیکە هێشتا ئاشکرا نەکراوە.
 
"ئامانجی سەرەکی"
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر ئەو "هێزی نێودەوڵەتیی سەقامگیرکردن" بەردەوامن و پرسیاری گرنگ لەبارەی پێکهاتەی فەرماندەیی و ئەوەی کام وڵاتان بەشداری دەکەن، ماونەتەوە.
 
فیدان گوتی، "یەکەم ئامانجی [هێزەکە] دەبێت جیاکردنەوەی فەلەستینییەکان بێت لە ئیسرائیلییەکان."
 
عەبدولعاتی پشتگیریی لەم بیرۆکەیە کرد و داوایکرد هێزەکە لەسەر "هێڵی زەرد بڵاوبکرێتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی" ئاگربەستەکە.
 
لەدوای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە، چەندین جار هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە فەلەستینییەکان کردووە لە نزیک هێڵی زەرد  وچەندین کەسیان کوشتووە.
 
تورکیا، کە ئەویش یەکێکە لە گەرەنتیکارانی ئاگربەستەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیەوێت بەشداری لە هێزی سەقامگیرکردنەکەدا بکات، بەڵام هەوڵەکانی لە ئیسرائیل بە باشی سەیر ناکرێن.
 
فیدان گوتی، چەکداماڵینی حەماس نابێت کاری لەپێشینەی سەرەکی بێت لە غەززە و لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: "پێویستە شتەکان بە رێکوپێکی دابنێین، دەبێت راستبین بین."
 
هەروەها داوای لە ئەمریکا کرد دەستوەردان بکات و قسە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی پلانەکە.
 
فیدان گوتی: "ئەگەر دەستوەردان نەکەن، دەترسم مەترسیی شکستپێهێنانی پلانەکە هەبێت. رێژەی پێشێلکارییە رۆژانەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ئێستا لە وەسف نایەت و هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە مەترسییەکی گەورە هەیە بۆ راگرتنی پرۆسەکە."
 
دەروازەی رەفەح 
 
شێخ محەممەد گوتی، قەتەر و گەرەنتیکارەکانی دیکەی ئاگربەستەکە "کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ قۆناخی داهاتووی" رێککەوتنەکە خۆش بکەن.
 
هەروەها گوتی: "ئەم قۆناخەی داهاتووش لە روانگەی ئێمەوە کاتییە" و داوای کرد "چارەسەرێکی هەمیشەیی، دادپەروەری بۆ هەردوو گەل دابین بکات."
 
پلانی ئاگربەستەکە داوای کردنەوەی دەروازەی رەفەحی غەززە لەسەر سنووری میسر دەکات بۆ رێگەدان بە گەیشتنی هاوکاری.
 
ئیسرائیل ئەم هەفتەیە رایگەیاند خاڵە سنوورییەکە دەکاتەوە، بەڵام "تەنیا بۆ دەرچوونی دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ میسر."
 
میسر بەخێرایی رەتیکردەوە کە رەزامەندیی لەسەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دابێت و جەختیکردەوە کە دەروازەکە دەبێت بە هەردوو ئاراستەدا بکرێتەوە.
 
راگەیێندراوەکەی ئیسرائیل نیگەرانیی چەندین وڵاتی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتەوە و رایانگەیاند دژی "هەر هەوڵێکن بۆ دەرکردنی گەلی فەلەستین لە خاکی خۆیان."
 
عەبدولعاتی رۆژی شەممە جەختیکردەوە کە رەفەح "نابێتە دەروازەیەک بۆ ئاوارەکردن"، بەڵکو تەنیا خاڵێکی هاتنەژوورەوەی هاوکاری دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا

تۆم باراک بۆ رووداو: سیستمی ناناوەندی لەم ناوچەیە بە کەڵک نایەت

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لە دەوحە رایگەیاند، سیستمی ناناوەندی لە عێراق و ناوچەکە "شکستی هێناوە" و جەختی کردەوە کە دەبێت گەل و هۆزەکان خۆیان بڕیار لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن