هاوپەیمانان 5 هەزار بۆمبیان لەدژی داعش بەكارهێناوە
رووداو - ئەلعەرەبیە
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن ئاشكرای كرد، كە تاوەكو ئێستا هاوپەیمانان نزیكەی پێنج هەزار بۆمبیان لە دژی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا بەكارهێناوە و لەو بۆردوومانانەشدا زیاتر لە سێ هەزار ئامانج پێكراوە.
پنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەكاندا ئەو 58 تانكەش پێكراوە، كە لەدەستی چەكدارانی داعش بووە و هەروەها 900 ئۆتۆمبێلی داعش كراونەتە ئامانج، كە 184 ئۆتۆمبێلیان هامفێز بووە، لەگەڵ 26 ئۆتۆمبێلی گوللە نەبڕ.
هەر بە پێی ئامارەكانی پنتاگۆن، لە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیماناندا 52 پێگەی چەكدارانی داعش لە ژێر زەوی و 673 پێگەی شەڕكردنیان و نزیكەی هەزار باڵەخانەی جیاوازیان كراونەتە ئامانج.
بە پێی ئاماری سەركردایەتی هێزەكانی ناوەندیی ئەمریكاش، لەسەرتای دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانییەكان لە 8ـی ئابی 2014 تاوەكو 31ـی کانوونی یەکەمی 2014، هاوپەیمانان هەزار و 676 هێرشیان لە عێراق و سووریا لە دژی چەكدارانی داعش ئەنجامداوە.