حیزبوڵڵای لوبنان بۆ رووداو: بەرپرسێکی سەربازیمان لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەى رۆژنامەڤانیی حیزبوڵڵاى لوبنانی بە رووداوی راگەیاند، جەواد تەویل، یاریدەدەرى بەرپرسی سەربازیى ناوچەى باشوورى حیزبوڵڵا لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا کوژرا.
 
نووسینگەی راگەیاندنی حزبوڵڵای لوبنان، رۆژی دووشەممە، 08-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جەواد تەویل، یاریدەدەر بەرپرسی سەربازی ناوچەی باشوور لە بۆردوومانێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
 
ویسام تەویل ناسراو بە حاجی جەواد، سەرکردەی کەتیبەی "رەزوان"ی حزبوڵڵا بووە. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی حیزبوڵڵای لوبنان گوتیشی، "جەواد تەویل ئەرکێکی زۆر هەستیاری هەبوو لە خربەت سلم لە ناوچەی باشوور ئۆتۆمبێلەکەی کراوەتە ئامانج".
 
کوژراونی تەویل دوای ئەوە دێت، رۆژی 02-01-2024، ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی بزووتنەوەکە لە بیروت لەلایەن ئیسرائیل بە درۆن کرانە ئامانج و کوژران.
 
هاشم قاسم (ئەبو ساڵح)، بەرپرسی راگەیاندنی حەماس بۆ میدیای دەرەوە رۆژی 02-01-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە باشووری بەیرووت، ساڵح عاروری کوژراوە. ساڵح عارووری جگە لەوەی جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە، یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانەی کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە و هەمان ئەو گرووپە بوو کە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 06-01-2024، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە 62 مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر سنوورەکانی ئیسرائیل، "ئەو مووشەکبارانەش وەکو وەڵامێکە" بۆ کوشتنی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
 
کوژرانی ساڵح عاروری بە پەیامێک بۆ حیزبوڵڵا لێکدرایەوە بەوەی کە دەکرێت بارەگاکانی ئەوانیش بکەونە ژێر هێرش. لەوبارەوە رۆژی 05-01-2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، ئەگەر تۆڵەی کوشتنی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە ئیسرائیل نەکەنەوە، ئەوا ئیسرائیل هێرشی زیاتر دەکاتە سەر لوبنان. 
 
نەسروڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "ناتوانن لە بەرامبەر پێشێلکاریێکی لەم جۆرە بێدەنگ بن." نەسروڵڵا گوتیشی، "ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە هەموو لوبنان دەکەوێتە ژێر هێرش، هەموو شار، گوند و کەسایەتییەکان دەکەونە بەر هێرش."
 
لە 8ی تشرینی یەکەمی رابردوو، بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، حیزبوڵڵا دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد، رۆژێک دوای ئەوەی کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
نەسروڵڵا گوتی، حیزبوڵڵا نزیکەی 670 ئۆپەراسیۆنیان لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل کردووە و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلییان لەنێوبردووە. 
 
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەگەر ئیسرائیل ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە بەدەستبێنێت، ئەوا روو دەکاتە لوبنان، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر جەنگێک لەسەر سنوور بەرپابێت، پێش هەمووان، کار لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکات. 
 
نەسروڵڵا گوتیشی، "ئەوان داوا لە حکومەتەکەیان دەکەن لەگەڵ لوبنان بچێتە جەنگەوە یان چارەسەرێکی سەربازیی بۆ لوبنان هەبێت. من پێیاندەڵێم: ئەم بژارەیە هەڵەیە، بۆ ئێوە و حکومەتەکەتان، ئەوەشی کە پێش هەمووان باجی ئەم هەڵەیە دەدات ئێوەن."
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا هۆشداریی بە ئیسرائیل دابوو، کە جەنگەکە فراوان نەکات و گوتی کە حیزبوڵڵا "هیچ سنوورێک و هیچ یاسایێک" لەبەرچاوناگرێت ئەگەر ئیسرائیل جەنگ لە دژی لوبنان دەستپێبکات.