ئیمارات: 205 مووشەک و 1229 درۆنی ئێرانمان تێکشاندوون

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی بەرپەرچی هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی ئێران بداتەوە و زۆربەیان لە ئاسماندا تێکبشکێنێت.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماری گشتیی هێرشەکانی ئێرانی لە سەرەتای دەسپێکردنی گرژییەکانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 221 مووشەکی بالیستیک ئاراستەی ئیمارات کراون، کە 205یان تێکشێندراون. هەروەها لە کۆی 1305 درۆنی ئێرانی، 1229یان لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە، جگە لە تێکشاندنی 8 مووشەکی کروز."
 
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، بەرپرسانی ئیمارات ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە 3 کەس (کە هاووڵاتیی پاکستان، نیپاڵ و بەنگلادیش بوون) گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 112 کەسی دیکە بریندار بوون کە برینەکانیان سووکە؛ بریندارەکان لە نەتەوە جیاوازەکانی وەک ئیماراتی، میسری، هیندی، ئێرانی، تورکی و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەن.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و رایگەیاندووە: "بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی نیشتمانیی میرنشینەکان، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بۆ هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەبێت."