لوبنانییەکانی باشوور دەگەڕێنەوە ئەگەرچی بەشێک نین لە ئاگربەست
رووداو دیجیتاڵ
بۆردوومانی باشووری لوبنان درێژەی هەیە و ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی بڕیارە بکرێنە ئامانج. وێڕای ئەوەش، ئاوارەکان رێچکەیان بەرەو باشوور بەستووە و دەستیان بە گەڕانەوە کردووە بێ گوێدانە رێنماییەکانی حکومەت کە داوا دەکات پەلە لە گەڕانەوە نەکەن.
حکومەتی ئیسرائیل کە ئێستا لەژێر گوشاری ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ناوچەکانی باکووری وڵاتدایە بەهۆی ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئێران کراوە بەبێ ئەوەی هەڕەشەکان لەناوچووبن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشووری لوبنان بەشێک نییە لەو ئاگربەستە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێشتر رایگەیاندبوو، "ئەمریکا و ئێران، دەوڵەت و گرووپە هاوپەیمانەکانیان رێککەوتوون لەسەر ئاگربەست لە هەموو شوێنێک، بە لوبنانیشەوە."
لە دوایین پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆدا، سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی شاری (سوور)ی لە باشووری لوبنان ئاگادار کردەوە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن پێش ئەوەی ناوچەکەیان بکرێتە ئامانج، بەڵام رێگەی کەناری دەریا بەرەو باشوور لە ترافیکێکی خنکێنەردا بوو بەهۆی ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلی ئەو ئاوارانەی بەرەو ناوچەکانی باشوور دەگەڕانەوە.
هەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی (سریفا)یان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد. چوار ئەندامی تیمە فریاگوزارییەکانیش لە ناوچەی (ئەلقلیلە) لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەیاندا کوژران. ئەم هێرش و بۆردوومانانە چەندین ناوچەی دیکەشیان لە باشووری لوبنان گرتەوە، لەوانە جمێجمە و شەقرا و مەنسووری، هەروەها چەند گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کە ئیسرائیل دانیشتووانی ئاگادار کردبوونەوە چۆڵیان بکەن. هەربۆیە حکومەتی لوبنان داوای لە هاووڵاتییانی کرد، دان بەخۆدا بگرن و پەلە نەکەن لە گەڕانەوە و پابەندی رێنمایی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بن.
حیزبوڵڵای لوبنان کە لە سێیەم رۆژی شەڕی 40 رۆژەدا و لە 2ی ئاداری رابردوو بە هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو باکووری ئیسرائیل چووە شەڕەکەوە، لەدوای راگەیاندنی ئەم ئاگربەستەوە لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆدا، هیچ مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل نەکردووە. داوای لە ئاوارەکانی باشووریش کرد، تاوەکو ئاگربەستی یەکجاری نەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵاوە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردەوە، ئەوان هەموو هێرشەکانیان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل راگرتووە، بەڵام ئیسرائیل هەر ئەمڕۆ چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئاگربەستی دوو هەفتەیی تەنیا لەگەڵ ئێرانە و باشووری لوبنان ناگرێتەوە.
هێشتا دیار نییە ئەو خاڵانەی بڕیارە رۆژی هەینیی داهاتوو لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان گفتوگۆیان لەسەر بکرێ چی لەخۆدەگرن. یەکێک لە مەرجەکانی ئێران لەکاتی جەنگەکەدا ئەوە بوو، گرووپەکانی "موقاوەمە" لە عێراق و یەمەن و لوبنان بەشێک بن لە هەر رێککەوتنێک، بەڵام قبووڵکردنی مەرجی لەو جۆرە لەلایەن ئەمریکاوە بەدوور دەزانرێ، بەتایبەتیش کە یەکێک لەو 15 خاڵەی ئیدارەی ترەمپ وەکو مەرجی رێککەوتن بە ئێرانیان دابوو، بریتی بوو لە دەستهەڵگرتنی تاران لە دەستخستنە نێو کاروباری وڵاتانی ناوچەکە لەڕێی گرووپە چەکدارەکانی پاشکۆیەوە.
پاکستان شتێکی ئەوتۆی لەبارەی ئەو 10 خاڵە بڵاونەکردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، بنەمایەکی باشە بۆ رێککەوتن، بەڵام هەر پێداگرییەکی تاران لەسەر بەردەوامیدان بە پشتیوانی و ناردنی هاوکاری بۆ ئەو گرووپانە، بە مانای پێداگرییە لەسەر دەستگرتن بە رۆڵی هەرێمایەتییەوە لەڕێی گرووپە پاشکۆکانی. دەستهەڵگرتنی تارانیش لەو گرووپانە و جێهێشتنیان بۆ چارەنووسی خۆیان، جگە لەوەی هەڵوێستی ئێران لاوازتر دەکات، لەبەردەم هاوپەیمانەکانی خۆیدا شەرمەزاری دەکات.