ئیسرائیل چوار کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە،لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە چوار کەسیان دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارن بەوەی سیخوڕییان بۆ ئێران کردووە.
 
 رۆژی هەینی، (8ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ (شین بێت)، پۆلیس و سوپای ئیسرائیل، دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە هاووڵاتییەکی مەدەنی و سێ سەرباز. ئەو کەسانە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێ کە "پەیوەندیی درێژخایەنیان لەگەڵ ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئێران هەبووبێت و بە رێنمایی ئەوان چەندین ئەرکیان جێبەجێ کردبێت."
 
ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم چوار کەسە بریتین لە کۆکردنەوەی زانیاری و وێنەگرتنی شوێنە جیاوازەکانی ئیسرائیل، وەک وێستگەکانی شەمەندەفەر، ناوەندە بازرگانییەکان، کامێراکانی چاودێری و تۆمارکردنی زانیاری لەسەر "قوتابخانەی تەکنیکیی هێزی ئاسمانی" کە هەندێک لە تۆمەتبارەکان پێشتر لەوێ خوێندوویانە. هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هەندێک لەو تۆمەتبارانە بە دەسپێشخەریی خۆیان پەیوەندییان بە لایەنی ئێرانییەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی "ئەرکی ئاسایش".
 
ئەم چوار کەسە لە مانگی ئاداردا دەستگیرکراون. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو سێ سەربازە پێش ئەوەی بچنە نێو سوپاوە، دەستیان بەم چالاکییە نهێنییانە کردووە. بەپێی میدیای ئیسرائیل، تۆمەتبارەکان لەو کاتەی ئەم کارانەیان ئەنجامداوە، تەمەنیان نزیکەی 17 ساڵ بووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی شین بێت کە لە مانگی شوبات بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2025دا 25 کەس لە ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دراونەتە دادگە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە هەوڵەکانی تاران بۆ راکێشانی هاووڵاتییانی ئیسرائیل بۆ نێو تۆڕە سیخوڕییەکان، بە رێژەی 400% زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2024.