راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران: ئیمارات سزا دراوە و زیاتریش سزا دەدرێ

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد موخبیر، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ: "ئیماراتییەکان سزا دراون و زیاتریش سزا دەدرێن. ئەوان ساڵانێک درووشمیان دەدا کە بەهەشتی ئاسایشیی سەرمایەگوزاری و  وەبەرهێنانن و ئەمڕۆ گەیشتوونەتە دۆخێک کە گەورەترین کۆچی سەرمایەگوزاری لەو وڵاتە روودەدات. زیانیان بەرکەوتووە و زیاترش زیانیان بەرکەوتووە".
 
موخبیر سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز گوتی: "تەنگەی هورمز نیعمەتێک بووە و ساڵانێکە لێی بێ ئاگا بووین. تەنگەی هورمز وەک بۆمبی ئەتۆمی وایە، واتە کاتێک شوێنێک لەژێر کۆنترۆڵتدابێ و بە یەک بڕیار بتوانی کاریگەری بخەیتە سەر هەموو ئابووری جیهان، ئەمە دەرفەتێکی یەکجار گەورەیە و ئەو شتەی لەشەڕ بەدەستمان هێناوە، بەهیچ شێوەیەک لەدەستی نادەین".
 
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی دوو مووشەکی بالیستی و سێ درۆنی ئێران لە ئاسمان تێکبشکێنێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانیش سێ کەس بریندار بوون.
 
ئەمە یەکەم جار نییە لە دوای ئاگربەست، ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیمارات. رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێستا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دەدەنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."
 
ئێران رۆژی دووشەممەش بە مووشەک هێرشی کردە سەر بەندەری فوجەیرە و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە؛ هەروەها کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات (ئادنۆک) هەمان رۆژ رایگەیاند، یەکێک لە تانکەرە نەوتە بەتاڵەکانی بە درۆنی ئێرانەوە پێکراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئامارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەکەوە 551 مووشەکی بالیستیی ئێرانی، 29 مووشەکی کروز و 2,263 درۆنیان تێکشکاندووە.