حەماس لەبارەی ئازادکردنی چوار بارمتە لە غەززە: هیچ لە شکستی ستراتیژیی ئیسرائیل ناگۆڕێت


رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس لەبارەی ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای هەشت مانگ و بەکارهێنانی هەموو توانا سەربازی و تەکنەلۆجییەکانی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، هیچ لە شکستی سەربازیی ئیسرائیل ناگۆڕێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 08-06-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چوار بارمتەیان لەنێو غەززە لە دەستی حەماس رزگار کردووە، کە لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە فێستیڤاڵی میوزیکەکە رفێندرابوون.
 
بزووتنەوەی حەماس باسی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کەمپی نەسیرات و ناوچەکانی دیکەی غەززە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا چەندین بارمتەی دیکەیان لەژێر دەستە و دەتوانن بارمتەی زیاتر بخەنە ژێر دەستیان وەکو چۆن لە دوایین ئۆپەراسیۆندا لە کەمپی جەبالیا لە کۆتایی مانگی رابردوودا ئەو کارەیان کرد.
 
بزووتنەوەکە دەشڵێت، هەروەکو راگەیێندراوە ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کەمپی نەسیرات لە غەززە کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەو وڵاتە بەشدارە لەو تاوانانەی لە کەرتی غەززە دەکرێت.
 
ئەوانەی رزگارکراون بەپێی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، بریتین لە هەریەکە لە نوا ئارگامانح 25 ساڵ، ئالمۆگ میر جان 21 ساڵ، ئاندری کۆزلۆڤ 27 ساڵ و شلۆمی زیڤ 40 ساڵ.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، ئەو چوار بارمتەیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی "ئاڵۆز"ی پۆلیس و دەسەڵاتی ئەمنیی ئیسرائیلدا لە دوو ناوچەی جیاوازی غەززە رزگار کراون.
 
راگەیاندنی رزگارکردنی ئەو چوار بارمتە دوای هەشت مانگ دێت لە جەنگ. مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو حەماس 105 بارمتەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک ئازاد کرد.
 
حەماس داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات گوشاری زیاتر بکەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی.
 
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، 36 هەزار و 801 کەس کوژراون. 83 هەزار و 680 کەسیش بریندارن، ئەمە جگە لە هەزاران کەسی دیکەی بێسەروشوێن کە بەشێکیان لەژێر داروپەردوودان.