راگرتنی کوندەپەپوو لە کافێیەکی ئیمارات گومانی لە ماڵیکردنی باڵندەی کێوی درووستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد لە کافتریایەکی ئەبوزەبی ئیمارات 9 کوندەپەپوو بۆ راکێشانی سەرنجی سەردانکەران بەخێودەکات. دەستهێنان بە سەری کوندەپەپووەکان و سێڵفیگرتن لەگەڵیان بە پارەیە.
محەممەد شیعی، خاوەنی کافێی بوومە دەڵێت، "هاوشێوەی پشیلە و سەگی ماڵی، هەر کە لەلایەن مرۆڤەوە بەخێوکران، قورسە بهێڵی لە دەرەوە بژین. ئەمڕۆ زۆر توێژینەوە دەریانخستووە کە ئەو کووندەپەپووانەی لەنێو قەفەزدا لەلایەن خەڵک بەخێودەکرێن تەمەنیان درێژترە بەراورد بەوانەی لە دارستانەکان دەژین."
لە ئیمارات خواست بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی زۆرە، هەرچەند راوکردنیان قەدەخەیە، بەڵام کڕینیان لە سەنتەرەکانی فرۆشتنی ئاژەڵی کێوی ئازادە.
رێکخراوی ئاژەڵپارێزی بەریتانیا Wild Welfare رەتیدەکاتەوە ئاژەڵی کێوی ماڵی بکرێن. بەگوێرەی گۆڤاری ئەمریکی "ناشناڵ جیۆگرافیک"، ئاژەڵێکی کێوی لەوانەیە رابهێندرێن لەگەڵ مرۆڤ بژین، بەڵام لەرووی بۆماوەییەوە بەهیچ شێوەیەک ماڵی نابن.
ئەحمەد عەلی، ژینگەناس دەڵێت، "ئایا ماڵی دەکرێن؟ بۆ کاتێکی درێژ بەڵێ، بەڵام لە کۆتایی رۆژدا باڵندە هەردەبێ بگەڕێنەوە نێو هاوتوخمەکانیان. هەربۆیە سەنتەر هەن کە باڵندە لە ماڵەکانیان بەخێودەکەن، دوایی بەرەڵای دارستانەکانیان دەکەنەوە. راستەوخۆ بەرەڵایان ناکەن، بەڵكو پێشوەختە رایاندەهێنن."
بەگوتەی محەممەد، لە ئیمارات هەموو کەسێک دەتوانێت کووندەپەپوو بکڕێت، بەڵام بەو مەرجەی خواردن و داودەرمان و بۆشایی بۆ دابین بکات.