سەروەری یان جەنگ؟ لوبنان لەبەردەم قورسترین بڕیاری مێژوویدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
لوبنان لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و دۆسیەی چەکی حیزبوڵڵا، کە بۆ دەیان ساڵە پرسێکی هەستیار و جێی ناکۆکی بووە، ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆکانی حکومەتە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گوشاری نێودەوڵەتی و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیادیان کردووە، حکومەتی نوێی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام و سەرۆک کۆمار جەنەڕاڵ جۆزێف عەون، رووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوەی سەروەریی دەوڵەت بوونەتەوە.
 
هەڵوێستی توندی سەرۆکایەتیی لوبنان
 
حکومەتی لوبنان بە رابەرایەتیی سەرۆکوەزیران نەواف سەلام، کە لە شوباتی 2025 دەستبەکاربوو، و بە پشتیوانی سەرۆک کۆمار جۆزێف عەون، کە لە کانونی دووەمی 2025ـەوە لە پۆستەکەیدایە، بابەتی چەکیان بە دەستی دەوڵەتەوە کردووەتە ئەولەوییەتی کاری خۆیان.
 
جەنەڕاڵ عەون، لە گوتارە مێژووییەکەیدا بەبۆنەی جەژنی سوپاوە، جەختی لەوە کردەوە کە "نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە سەربازییەکان هەبێت. سەروەریی لوبنان پارچە پارچە ناکرێت".
 
ئەم لێدوانە وەک زەنگی ئاگادارییەک بۆ هەموو لایەنەکان لێکدرایەوە و ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ناوخۆی لوبناندا دەکرد.
 
حیزبوڵڵا و ستراتیژی بەرگری
 
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا لەسەر زاری ئەمینداری گشتیی نوێی، نەعیم قاسم، کە لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە ئەم پۆستەی وەرگرتووە، رایگەیاندووە کە تەسلیمکردنی چەک لەژێر گوشاری دەرەکیدا قابیلی قبوڵ نییە. قاسم جەختی کردەوە کە "چەکی بەرگری بۆ پاراستنی لوبنانە" و ئەولەویەت بۆ ئەوان "راگرتنی دەستدرێژییەکانی دوژمنی زایۆنییە، نەک جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەمریکا." حیزبوڵڵا داوای داڕشتنی "ستراتیژی بەرگریی نیشتمانی" دەکات وەک پێشمەرجێک بۆ هەر گفتوگۆیەک لەسەر چارەنووسی چەکەکانیان.
 
گوشارە نێودەوڵەتییەکان و پلانی 120 رۆژە
 
هاوکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشارەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردووەتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ نەواف سەلام هۆشداریی داوە کە "دەرفەتەکان کۆتاییان هاتووە" و ئەگەر بەیروت هەنگاوی کرداری نەنێت، پاریس ناتوانێت رێگری لە سزای ئابووریی زیاتر یان گورزی سەربازیی ئیسرائیل بکات. فەرەنسا پێشوازی لە بڕیاری "ئازایانە و مێژوویی" حکومەتی لوبنان کردووە بۆ چەک داماڵینی حیزبوڵڵا و بە هەنگاوێک بەرەو "سەروەریی تەواو"ی لەقەڵەمداوە. لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانێکی کاری 120 رۆژەی خستووەتە بەردەم حکومەتی لوبنان کە لە چوار قۆناخ پێکدێت:
 
قۆناخی یەکەم (15 رۆژ): حکومەتی لوبنان بە فەرمی پابەندبوونی خۆی بۆ چەک داماڵینی حیزبوڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 رادەگەیەنێت.
 
قۆناخی دووەم (60 رۆژ): دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانەکە و کشانەوەی حیزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی.
 
قۆناخی سێیەم (90 رۆژ): کشانەوە لە باکووری لیتانی.
 
قۆناخی چوارەم (120 رۆژ): چەک داماڵینی تەواوەتی لە ناوچەکانی بەقاع و بەیروت.
 
واشنتۆن بەڕوونی پەیامەکەی گەیاندووە: هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ لوبنان بەندە بە گێڕانەوەی سەروەریی تەواوی دەوڵەتەوە.
 
جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل
 
لەسەر سنوورەکان، ئیسرائیل نەک هەر هەڵوێستی سیاسی خۆی توندتر کردووەتەوە، بەڵکو بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان و راپۆرتە هەواڵییەکان، هێزێکی زۆری سەربازی لەسەر سنووری لوبنان کۆکردووەتەوە. ئەمەش مەترسییەکانی پێکدادانێکی سەربازیی نوێی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە و ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی ئامادەباشییەوە.
 
چارەنووسی لوبنان لە ئاییندەیەکی نزیکدا یەکلایی دەبێتەوە؛ یان هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناخێکی نوێ لە سەقامگیری و سەروەریی تەواو، یان بەرەو ئاقارێکی نادیار و ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی یان دەرەکی هەڵدەدێرێت.