رووداو دیجیتاڵ
عێراق و ئێران رێککەوتنێکی 21 خاڵی لەبارەی دەروازەکانی سنوور واژۆدەکەن، هەردوولا لەسەر داخستنی دەروازەی نافەرمی و رێگری لە هەناردەکردنی کاڵای قەخەدەکراو بۆ عێراق رێککەوتن. ئێران بەڵێنی داوە، هیچ دەروازەیەکی سنووریی نوێ بەبێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025 دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی باڵای عێراقی بە سەرۆکایەتیی عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لەگەڵ شاندێکی ئێرانی کۆبووەوە و رێککەوتنێکی 21 خاڵییان بۆ پەرەپێدانی دەروازەکانی سنوور و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئەمنییەکان واژۆ کرد.
کۆبوونەوەکە پێنجەمین خولی گفتوگۆ هاوبەشەکانی دەروازەکانی سنووری نێوان هەردوو وڵات بوو، لە ئێران بەڕێوەچوو و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش پشتیوانیی خۆی بۆ خاڵەکانی رێککەوتنەکە دەربڕی.
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:
- هاوکاریی ئەمنی: هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لە دەروازەکانی سنوور و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و چاودێریی بەردەوام کردەوە.
- بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی: رێککەوتن کرا لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی پشکنین بۆ نەهێشتنی قاچاخچێتیی کاڵا و مادەی هۆشبەر، بە بەکارهێنانی تەکنیکی پێشکەوتوو و ئاڵوگۆڕی زانیاری. هەروەها ئێران پابەند بوو بە رێگری لە هەناردەکردنی ئەو کاڵایانەی عێراق قەدەخەی کردوون (وەکو بەرهەمی کشتوکاڵی)، بەمەرجێک پێشوەختە ئاگادار بکرێتەوە.
- کردنەوەی دەروازەی نوێ: ئێران بەڵێنی دا هیچ دەروازەیەکی سنووریی نوێ بەبێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەکاتەوە، کە دەستەی دەروازەکانی سنوور نوێنەرایەتیی دەکات.
- ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری: بۆ رێگری لە هاتنەژوورەوەی کەسانی گومانلێکراو و کەرەستەی مەترسیدار، هەردوولا لەسەر بەهێزکردنی چاودێری و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و ئەمنی رێککەوتن.
- ئەلیکترۆنیکردنی رێکارەکان: ئێران پابەند بوو بە دابینکردنی مانیفێستی ئەلیکترۆنی بۆ دەروازەکانی وشکانی عێراق، کە زانیاریی تەواوی کاڵاکان، ژمارەی پسوولەی کێشان و کێشی بارەکەی تێدا بێت. هەروەها داننان بە بەڵگەنامە گومرگییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ خێراکردنی مامەڵەکان.
- خێراکردنی جووڵەی بازرگانی: هەردوولا رێککەوتن لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی هاوردە و هەناردە، لەگەڵ پابەندبوون بە سیستمی گومرگی و تاوتوێکردنی پێشنیازی ئێران بۆ گواستنەوەی راستەوخۆی کاڵا.
- پەرەپێدانی ژێرخان: جەخت لەسەر پشتگیریکردنی کۆبوونەوەی پارێزگارە سنوورییەکان کرایەوە بۆ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی دەروازەکان.
- رێکخستنی بارهەڵگرە ئێرانییەکان: لایەنی ئێرانی تاوتوێی پێشنیازێکی عێراق دەکات بۆ تەواوکردنی رێکارە گومرگییەکانی بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە دەروازەکانی (مەندەلی – سومار و مونزیریە – خەسرەوی) و دواتر ئاڵوگۆڕکردنیان لەنێو دەروازەکەدا.
- رێزگرتن لە هاووڵاتییان: جەخت لەسەر مامەڵەی شایستە لەگەڵ هاووڵاتییانی هەردوو وڵات و پاراستنی شکۆیان کرایەوە. هەروەها مۆرکردنی پاسپۆرتی سەرجەم هاووڵاتییانی ئێرانی لە دەروازە فیدراڵییەکان و رێگری لە دەرکردنی بڕیاری کتوپڕ لەلایەن کارمەندانەوە بێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە.
- کارکردنی 24 کاژێری: رێککەوتن کرا دەروازەکانی سنووری نێوان هەردوو وڵات 24 کاژێر کراوە بن، بە رۆژانی هەینیشەوە. هەروەها هیچ بڕە پارەیەکی زیادە وەرنەگیرێت کە لە دەرەوەی یاسا و رێنوێنییەکان بێت.
- چاودێریی بازرگانان: پشکنینی هاتووچۆی بازرگانان لەنێو دەروازەکاندا بەپێی پڕۆگرامێکی ئەلیکترۆنیی هاوبەش دەبێت و پێویستە باجی فەرمییان هەبێت.
- زیادکردنی بازرگانیی ترانزێت: جەخت لەسەر چالاککردن و زیادکردنی بازرگانیی ترانزێت لە رێگەی خاکی عێراقەوە کرایەوە.
- داخستنی دەروازە نافەرمییەکان: یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان پابەندبوونی ئێران بوو بە داخستنی سەرجەم دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی لەگەڵ عێراق، بەهۆی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایش و ئابووریی هەردوو وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ