ئاکپارتی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل: کردەیەکی تیرۆریستیی دڕندانەیە
رووداو دیجیتاڵ
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی هێرشەکەی ئیسرائیلی بە دڕندانە و کردەی تیرۆریستی ناوبرد.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9-9-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ئەو هێرشەی بە دڕندانە ناوبرد کە ئیسرائیل بۆسەر چەند سەرکردەیەکی حەماس لە دەوحە ئەنجامی دا.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: "ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە قەتەر کردی، کردەیەکی تیرۆریستیی دڕندانەیە. ئەو هێرشە پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتییە. ئیسرائیل بەم کردە تیرۆریستییەی، جارێکی دیکە نیشانی دا کە دووژمنی ئاشتی، ئاگربەست و نێوەندگیرییە. ئەم هێرشە بە نەفرەت دەکەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی قەتەری دۆست و برامان دەکات".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها دەڵێت، بە ئامانجگرتنی شاندی دانوستاندنکاری حەماس لە قەتەر بە مانای بە ئامانجگرتنی تەواوی ئەو وڵاتانە دێت کە بانگەواز بۆ ئاشتی و ئاگربەست دەکەن؛ دەشڵێت، ئیسرائیل وڵاتانی ئاشتیخوازی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و گوتی سەرکردەکانی حەماسی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.