یەمەن.. 30 حوسی لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا دەکوژرێن
رووداو- ئاژانسەکان
لە سەنعای پایتەختی یەمەن، تەقینەوەیەکی خۆکۆژی بووە هۆی کوشتنی لانی کەم 30 حوسی و قاعیدەش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کوژرانی 14 حوسی راگەیاند.
تەقینەوەکە لە شەقامی تەحریر روویداوە. هەفتەی رابردوو رێکخراوی ئەلقاعیدە هۆشداریدایە حوسییەکان، کەوا هێرشیان دەکاتە سەر. شوێنەوار و شێوازی کردەوە خۆکوژییەکە، بە چالاکییەکانی رێکخراوی ئەلقاعیدە دەچێت.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی ئەلقاعیدە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هێرشدەکرێتە سەر ژمارەیەک سەربازی یەمەنی و 14 سەرباز لەلایەن رێکخراوەکە دەکوژرێن.
ئەم پێشهاتە ئەمنییانە لە کاتێکدایە، کە ململانێیە سیاسییەکانی نێوان حوسییەکان و عەبدول رەبە هادی مەنسور، سەرۆکی وڵات بەردەوامە. حوسییەکان کاندیدیکردنی ئەحمەد عەوز موبارەکیان بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی یەمەن رەتکردەوە لە ئاکامی گوشارەکانی حوسییەکان، ئەحمەد عەوز دەستی لە کارکێشایەوە، حوسییەکان پێیانوایە، کە عەوز کەسێکی گەندەڵە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەرۆک حکومەتەکانی پێش خۆی نییە.