چی لەسەر رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەزانیت؟
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیال ئاماژەی بەوەدا، مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە دادپەروەرییەوە دەکرێت و ئەم راگەیاندنەشی بە "رۆژێکی گەورە بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان" وەسف کرد. هەروەها سوپاسی نێوەنگیرەکانی کرد بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە.
سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "نەتەنیاهوو زۆر دڵخۆشە و دەبێت واش بێت".
ترەمپ پێشبینی کرد لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیسرائیل بکات و رەنگە لە کنێسێت (پەرلەمانی ئیسرائیل) گوتارێک پێشکێش بکات و گوتی: "ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت من لە کنێسێت گوتارێک پێشکێش بکەم و منیش بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم ئەگەر بیانەوێت."
رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ. ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".
بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، "کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت". حەماس جەختی لەوەش کردەوە لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە. دووپاتیشی کردەوە رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی.