سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بەرپرسانی ئێران: ئێسکیان دەشکێنین


رووداو- هەولێر 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هیوادارە هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، خەڵکی ئەو وڵاتە هێندە بەهێز بکەن کە بتوانن "کۆتی ستەمکاری بشکێنن".
 
نەتەنیاهوو رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکان و سیستمی تەندروستیی ئیسرائیل لە قودس - ئورشەلیم، بەڵێنی دا بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر ئێران.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئاواتی ئێمە ئەوەیە گەلی ئێران بتوانن کۆت و زنجیری ستەمکاری تێکبشکێنن. دواجار ئەوە پەیوەستە بە خۆیانەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە لە رێگەی ئەو کارانەی تائێستا ئەنجامدراون، ئێمە ئێسکەکانیان دەشکێنین و دەستمان هێشتا درێژکراوەیە [بۆ هێرشی زیاتر]."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی: "ئێمە گۆڕانکاری دروست دەکەین و، هەر ئێستاش گۆڕانکارییەکی گەورەمان لە پێگەی ئیسرائیلدا هێناوەتە کایەوە."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا لە 28ـی مانگی رابردوو کوژرا. رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەستنیشانکرا.
 
بەپێی ئاماری بەرپرسان، لەو کاتەوەی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، لانیکەم 1230 کەس لە ئێران، لانیکەم 397 کەس لە لوبنان و 11 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون.
 
هەروەها 7 سەربازی ئەمریکی لەو جەنگەدا کوژراون.