میدیای فەرمیی ئێران: ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت راگرت
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی ئێران رایدەگەیێنێت، بەهۆی پێداگری و گوشارەکانی تارانەوە، ئیسرائیل ناچار بووە هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت رابگرێت.
ئەمڕۆ هەینی، میدیای فەرمی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، بە پێداگریی ئێران رژێمی زایۆنی ناچارکراوە هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت رابگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئێران پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بەیرووت رانەگیرێن، تاران بەشداری لە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد لە پاکستان ناکات.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی شەممە، دانوستاندنی سیاسی لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
ئەم دانوستاندنانە دوای ئەوە دێن کە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەیی رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەیرووت رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەختی ئیسرائیل ببووەوە، کە زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتەوە و تاران رایگەیاندبوو بەردەوامیی ئەو هێرشانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیپلۆماسی دەبێت.