بەرپرسێکی عێراق: 70 هەزار خوێندکارمان لە ئێران دەخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆکانی لوڕستان و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکانیان، کۆمەڵێک رێککەوتننامەی و یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆکانی عێراق واژۆ دەکەن. راوێژکاریی کولتووریی عێراقیش لە ئێران دەڵێت، 70 هەزار خوێندکاری عێراقی لە ئێران دەخوێنن، کە ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی باشووری کوردستانن.
محەممەد نەبی ئەحمەدی، سەرۆکی زانکۆی رازی کرماشان، ئەمڕۆ 10.10.2023 گوتی، "رێککەوتننامەیان لەگەڵ 11 زانکۆی عێراقدا واژۆکردووە، ئەمەش بە مەبەستی پەرەپێدانی "هاوکارییە زانستی، پەروەردەیی، توێژینەوە و کولتوورییەکان" لەگەڵ زانکۆکانی عێراق.
شاندێکی زانکۆکانی عێراق کە لە رۆژانی رابردوودا سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە، 8 یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆی لوڕستاندا واژۆ کردووە.
غوڵامحوسێن حوسێنی، بەڕێوەبەری گرووپی هاوکارییە زانستییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی لوڕستان، رۆژی 09.10.2023 رایگەیاند: 300 خوێندکاری خەڵکی عێراق لە زانکۆی لوڕستاندا ناویان تۆمار کردووە و تاوەکو ئێستا 90 کەسیان وەرگیراون."
غوڵامحوسێن حوسێنی پێیوایە واژۆکردنی یادداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن دەبنە هۆی ئەوەی "دوو لایەن توانا و بەشەکانی خوێندنی یەکدی بناسن و زیاتر پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانیان بدەن."
یاسر عەبدولزەهرە، راوێژکاری کولتووریی عێراق لە ئێران ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 70 هەزار خوێندکاری عێراقی لە ئێراندا دەخوێنن، بەشێک لەوان لەسەر خەرجی خۆیان دەخوێنن و هەندێکیان زەمالەی خوێندنیان هەیە.
بەگوتەی یاسر عەبدولزەهرە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی عێراق، خواستی خوێندن لە ئێران لەنێو خوێندکارە عێراقییەکان زۆر زیاتر بووە.