سوپای ئیسرائیل: لە کاژێر 12:00ـەوە رێککەوتننامەی ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردن

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە کاژێر 12:00ـەوە رێککەوتننامەی ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردن، "دەکشێینەوە بۆ ئەو هێڵەی بۆمان دیاریکراوە و خۆمان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان ئامادە دەکەین".
 
لە لایەکی دیکە، بەپێی زانیارییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاودەکرێنەوە، خەڵکی غەززە پەیتا پەیتا بەرەو ناوچەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە.
 
شەوی رابردوو، خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە رایگەیاند، حەماس لەلایەن نێوەندگیران و ئەمریکاوە دڵنیایی پێدراوە کە شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە "بەتەواوەتی کۆتایی هاتووە."
 
راشیگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوانی فەڵەستینی و بارمتەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
حەییە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەمڕۆ گەیشتین بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر گەلەکەمان و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر، هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان، کردنەوەی دەروازەی رەفەح بە هەردوو ئاراستەدا و ئاڵوگۆڕی دیلەکان رادەگەیێنین."
 
ئاشکراشی کرد کە 250 بەندکراوی حەماس کە لە ئیسرائیل سزای زیندانیکردنی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، لەگەڵ هەزار و 700 بەندکراوی دیکەی خەڵکی کەرتی غەززە کە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن، "لەگەڵ ئازادکردنی هەموو منداڵ و ژنان."
 
رۆژی چوارشەممە بەکاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە پەیامە گرنگەکەی راگەیاند و ئاشکراشی کرد، ئەو لەو بڕوایەدایە سەرجەم بارمتەکانی غەززە، لەنێویشیان تەرمی بارمتەکان، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 13ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، ئەمەش لەدوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناخی یەکەمی پلانی ئاگربەست و ئاشتییەکەی دۆناڵد ترەمپ رێککەوتن.
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، "زۆر شت روودەدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و پێمان وایە هەموویان رۆژی دووشەممە ئازاد دەکرێن و تەرمەکانی رادەست دەکرێن."
 
درەنگانی شەوی چوارشەممە، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە رێککەوتن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە دوو ساڵییەی کە بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیان هەزار کەسی کوشتووە، ئەو کەرتەشی وێران کردووە و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
 
دواجار رێککەوتنەکە دوێنێ پێنجشەممە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا واژۆ کرا.