دوای سەردانەکەی قائانی، وەزیری بەرگریی عێراق چووە سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی محەممەد بن سەلمان، جێنشین و وەزیری بەرگریی سعودیە گەیشتە ئەو وڵاتە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە فەیسبووک رایگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی میر محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیزی جێنشین و وەزیری بەرگریی سعودیە ئەمڕۆ جومعە عیناد سەعدوون، وەزیری بەرگریی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی کە پێکهاتوون لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی بەرگری، گەیشتە شانشینی عەرەبیی سعودیە، لەگەڵ گەیشتنیشی بۆ ریاز لە لایەن میر خالید بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، جێگری وەزیری بەرگریی پێشوازی لێکرا".
وەزارەتی بەرگریی عێراق راشیگەیاند: "لە دیدارێکدا چۆنێتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولادا لە بواری بەرگری تاوێکرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی جێی سەرنجی هەردوولا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەشی عێراق و سعودیە".
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگریی عێراق دوای یەک رۆژ هات لە پەیوەندی میر محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، جێنشینی شای سعودیە بە تەلەفۆن بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە تێیدا پاڵپشتی سعودیە بۆ کازمی و عێراق دەربڕی، هەروەها پەیوەندییەکەی جێنشینی شای سعودیە دوای رۆژێک هات لە سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا، کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
سەردانەکەی وەزیری بەرگریی عێراق دوای چەند رۆژێک هات لە هەوڵی شکستخواردووی کوشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە ماڵەکەیان لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بە مووشەک کردە ئامانج.
ئاژانسی رۆیتەرز دووشەممەی رابردوو 8/11/2021 لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردوون رایگەیاند: تەقەمەنییەکان و ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە هێرشەکەدا بەکارهێندران دروستکراوی ئێرانن، هێرشەکەش لە لایەن یەکینەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق کراون.