پزیشکیان: مەرجی کۆتاییهاتنی شەڕ قەرەبووکردنەوەی ئێران و گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی جەنگە

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێک ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: "دەبێت مافە زەوتکراوەکانی ئێران بسەلمێنرێن و قەرەبووی زیانەکان بکرێتەوە."
 
شەوی چوارشەممە، 11ی ئازاری 2026، مەسعوود پزیشکیان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە؛ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەردوو سەرۆکی رووسیا و پاکستان ئەنجامداوە.
 
لەو پەیوەندییەدا، پزیشکیان جەختی لە پابەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە کردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕەکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هەڵگیرساوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران سێ مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە خستووەتەڕوو و دەڵێت؛ پێویستە دان بە مافە رەواکانی ئێران بنرێت و قەرەبووی دارایی و مەعنەوی بکرێتەوە و هێرشبەران جارێکی دیکە دەستدرێژی نەکەنەوە سەر وڵاتەکەی.