وەزیری دارایی ئێران بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندیی بازرگانی لە سعودیەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران لەدوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سعودیە و ئێران، بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە سەردانێک لە سعودیەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، ئیحسان خاندووزی، وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری جەددەی سعودیە و لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیز لەلایەن چەند بەرپرسێکی باڵای سعودیە، ستافی بانکی گەشەسەندنی ئیسلامی و باڵیۆزخانەی ئێرانەوە لە سعودیە پێشوازیی لێکرا. ئامانج لە سەردانەکەی دروستکردنەوەی پەیوەندیی بازرگانییە لەنێوان هەردوو وڵات.
سەردانەکەی خاندووزی، یەکەم سەردانی وەزیرێکی ئێرانە کە لە هەمان کاتدا گوتەبێژی حکومەتی ئێرانە بۆ سعودیە لەدوای ئەوەی رۆژی 11ـی ئاداری 2023، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەکین کۆبوونەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوانیانیان کرد و بڕیاریاندا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە مانگی کانوونی دووەمی 2016، لەدوای لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر نەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە لە سعودیە و هێرشکردنەسەر بالیۆزخانەی سعودیە لە تاران تێکچوو.
خاندووزی لە سەردانەکەی بۆ سعودیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لەنێویاندا محەممەد جەدان، هاوتا سعودییەکەی ئەنجامدەدات و دواتریش گوتارێک لە بانکی گەشەسەندنی ئیسلامی پێشکێش دەکات.
چاوەڕواندەکرێت سەردانەکە کۆتایی بە حەوت ساڵ بنبەستی بازرگانی نێوان سعودیە و ئێران بهێنێت و ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ هەردوو وڵات.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان رایگەیاند، سعودیە باڵیۆزی خۆی بۆ تاران دیاریکردووە و ئێرانیش بەمزووانە هەمان کار دەکات.
فەرزاد پیلتان، بەڕێوەبەری بەشی رۆژئاوای ئاسیا لە رێکخراوی بەرەوپێشبردنی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، ئامانجی ئێران بازرگانیکردنە لەگەڵ ئێران بە بەهای یەک ملیار دۆلار و دواتر فراوانکردنی بۆ دوو ملیار دۆلارە، ئەمەش لە رێگەی بازرگانیکردن بە پۆڵا، زەعفەران، فەرش، چیمەنتۆ، میوەی وشککراوە و چەند خۆراک و کاڵایەکی دیکە.