پێکدادان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل لەگەڵ شەڕی دژی حەماس، لە باشووری لوبنانیش لەگەڵ حیزبوڵڵا لە شەڕێکی قورسدایە، گوندی کەفر کەلایە لە باشووری لوبنان یەکێکە لەو گوندانەی کاریگەری بۆردوومانەکانی ئیسرائیلی لە هەموو شوێنێکی دەبیندرێت. 
 
ئەحمەد غەریب، هاووڵاتیەکی لوبنانیە لەبارەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە سنووری وڵاتەکەی دەڵێت، "نزیکەی کاژێر 3:30ـی بەرەبەیان، شەڕوپێکدادان هەبوو، دواتر تۆپباران دەستیپێکرد و ئەم ناوچەیە کرایە ئامانج و تۆپبارانەکەش بۆ 45 خولەک بەردەوام بوو، سوپاس بۆ خودا کەس بەرنەکەوت."
 
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەنیا یەک رۆژ دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان دوو بارەگەی سوپای ئیسرائیلی لە باکووری ئیسرائیل کردە ئامانج. ئیسرائیلیش لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر حەماس، لە بۆردوومانکردنی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا دەستی نەپاراست و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، تەنانەت ئیسرائیل لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی، هێزێکی زۆری رەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان کردووە. 
 
یاکۆڤ رێکێڤ، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە لەبارەی پێکدادانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان دەڵێت،"دۆخەکە لێرەش ئاڵۆزە و هەست دەکەیت دۆخی جەنگە. ئێمە نامانەوێت ناوچەکە چۆڵ بکەین. ئەمە وڵاتی خۆمانە، نامانەوێت بچینە هیچ شوێنێکی دیکە، ئێرە تاکە وڵاتی جووە لە جیهاندا." 
 
حیزبوڵڵای لوبنان پێگەیەکی بەهێزی لە باشووری ئەو وڵاتە هەیە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دەڵێت، 100 هەزار چەکداریان هەیە و خاوەنی جۆرە مووشەکێکن کە دەتوانێت هەر شوێنێک لە ئیسرائیل بکاتە ئامانج.