مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی بنگۆڕیۆن لە ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن دەڵێن، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی بنگۆڕیۆن لە قوڵایی ئیسرائیل.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 12-03-2024 مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی رایگەیاند "ئێوارەی رۆژی دووشەممە 11-03-2024 بە درۆن هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە قوڵایی قەوارەی زایۆنی."
مقاوەمە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "دڵنیاتان دەکەینەوە؛ لە بە ئامانجکردنی پێگەکانی دووژمن بەردەوام دەبین، وەک تەواوکارییەک بۆ قۆناخی دووەمی هێرشەکانی مقاوەمە، ئەمەش وەک سەرکەوتنێک بۆ گەلەکەمان لە غەززە و وەڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی کەسانی مەدەنی لە فەلەستین دەکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی مقاوەمە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەوە حەوتەمین هێرشی گرووپەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل. لەوانە هێرشێک بۆ سەر پاڵاوگەی حەیفا، هێرشێک بۆ سەر باکووری جۆلان، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی رۆشبینا، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی کریات شمونە، هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەیفا، هێرشێک بۆ سەر بەندەری حەیفا.
رۆژی شەشی ئەم مانگە گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دوو ئامانج، "دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەر لە عێراق" و "راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە."
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.